ئایندەی پەیماننامەی سنورداركردنی چەكی ستراتیژی ئەتۆمی

مەلەفی تایبەت

23/06/2020‌ 481 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشبڕكێی لەناوبردنی چەك.. هاوڕێ (شی) چی دەڵێت؟ بەو ناونیشانەوە، گۆڤاری "سفوبودنایا پریسا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئایندەی پەیماننامەی سنوردار كردنی چەكی ستراتیژی ئەتۆمی، لەگەڵ بەردەوامی رەتكردنەوەی چین بەوەی بەشداری تێدا نەكات.

بەپێی راپۆرتەكە، تا ئێستا دیار نییە، كە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی چین دەگاتە نەمسا، كە لە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی یۆنیۆ لە نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا سیرگی ریابكۆف و نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سنورداركردنی چەك مارشاڵ بیلینگی لە ڤیەننا دەبەسترێت، پێدەچێ پەكین بە هیچ شێوەیەك وەڵامی داواكەی ئەمریكا نەداتەوە بە بەشداری كردن لە گفتوگۆكانی لەناوبردنی چەك.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە خودی ئەمریكادا، بەلایانەوە گرنگ نیە باس لە درێژكردنەوەی ستارت -٣ بكرێت، كۆشكی سپی و هەروەها سەرۆك ترامپ چەندین جار باسیان لەوە كردوە حەز بەوە دەكەن پەیماننامەكە هەڵوەشێننەوە. هەرچی پۆتینە، زۆر بەتوندی بەرگری لە درێژكردنەوەی ستارت-٣ دەكات و زیاتر لە جارێك باسی قورسی پێشبینی كردنی كردوە بۆ لێكەوتەی هەڵوەشانەوەی.

لەو بارەیەوە، توێژەری سیاسی ئەلكسەندەر زیموفسكی دەڵێت: ئامادە نەبوونی نوێنەری چین، پاساو دەداتە ئەمریكا بۆ ئەوەی ستارت-٣ درێژ نەكاتەوە. 

هەروەها دەڵێت: روسیا رێگر نییە لە ئەنجامدانی گفتوگۆی لایەنە جیاوازەكان سەبارەت بە سەقامگیری ستراتیژی. لەگەڵ دووپاتكردنەوەی گرنگی ئامادە بوونی دووهێزە ئەتۆمیەكەی نێو ناتۆ، واتە فەرەنسا و بەریتانیا، نەك بەتەنها چین لەسەر مێزی گفتوگۆكان بێت. هەرچی ترامپە تا درەنگانێك نەیزانیوە لەندەن چەكی ئەتۆمی هەیە. هەروەك جۆن بۆلتن راوێژكاری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە یادەوەریەكانیدا ئاماژەی بۆ كردوە.

چین لەم حاڵەتەدا لەسەروی ململانێیەوەیە و هیچ كۆت و بەندێكی لەبەردەمدا نییە بۆ پەرەدان بە چەكە هێرشبەرە ستراتیجیەكەی. 

هەروەها بەردەوامە لە تاقیكردنەوەی نوێترین رۆكیتی قورس ی كێشوەر بڕەكان، كە ناوەكەی پێی دەڵێن " بۆنی رۆژهەڵاتی".

ئەوەش روونە، كە باڵیۆزی روسیا لە ئەمریكا (ئەناتۆلی ئەنتۆنۆف) لە میانی دیدارێكدا ئەوەی خستە روو كە، روسیا، چین ناچار ناكات بێتە نێو پەیماننامەكەی روسیا و ئەمریكاوە. تا ئێستاش روون نیە كە ئەمریكا و روسیا دەگەنە رێككەوتنێكی دوو قۆڵی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا