لێكۆڵینەوەیەك زیانەكانی كۆرۆنا لەسەر مێشك ئاشكرادەكات

تەندروستی

29/06/2020‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ، كە لە كۆلێژی زانكۆیی لەندەن  لەسەر ئەو نەخۆشانە كراوە، لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، دەركەوتووە رەنگە نەخۆشییەكە زیان بە مێشك بگەیەنێت و لێكەوتەی ترسناكی لەسەری هەبێت.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكە لێكەوتەكانی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر مێشك بریتین لە تووشبوون بەجەڵتەی مێشك و هەوكردنی مێشك و بیرشێوان ( Psychosis ) ، دەركەوتنی هەندێك نیشانە، كە زۆرجار لە خەڵەفان دەچێت .

بەگوێرەی توێژەر بندیكت مایكڵ لە زانكۆی لیڤەرپوڵ، كە بەشداری لێكۆڵینەوەكەی كردووە، گرنگە تێبینی ئەوە بكرێت لێكۆڵینەوەكە زیاتر تیشكی خستووەتە سەر حاڵەتە توندەكان و ئەو داتایانەی لەنێوان ٢ بۆ ٢٦ ی نیسان كۆكراونەتەوە، لەوكاتەی نەخۆشییەكە زۆر بە گەورەیی لە بەریتانیا بڵاوبووبووەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە لەدیارترین لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر مێشك بریتی بووە لە جەڵتە، بەشێوەیەك لەكۆی ١٢٥ كەس، كە لێكۆڵینەوەكەیان لەسەر كراوە ٧٧ كەسیان تووشی هاتوون، كە زۆرینەیان تەمەنیان لەسەروو ٦٠ ساڵییەوە بووە.

هەروەك لەكۆی ئەو ١٢٥ كەسە، ٣٩ یان نیشانەی تێكچوون، یان گۆڕان لە رەفتاریان روویداوە، كە رەنگدانەوەی گۆڕانكارییە هۆشەكییەكان بووە، لەناو ئەوانەدا حەوت كەسیان هەوكردن لەمێشكیان‌و حەوتیشیان ناتەواوی لەئەركەكانی مێشكیاندا درووست بووە.

بەقسەی مایكڵ، ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە هەنگاوێكی گرنگی پێشوەختەیە بۆ دیاریكردنی كاریگەرییەكانی كۆڤید -١٩ لەسەر مێشك، وتوشیەتی: لەئێستادا پێویستمان بەلێكۆڵینەوەی پڕ وردەكاریترە تا لەمیكانیزمە بایۆلۆجییە گریمانكراوەكان تێبگەین و بتوانین لەو رێگایەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بۆ بدۆزینەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی