هەرێمى کوردستان لەژێر تارمایی داگیرکارى هێزى جەندرمەدا

کوردستان

29/06/2020‌ 1359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هێمن حەسەن
جارێکى تر سوپاى تورکیا بە هەزاران سەربازو بە دەیان فڕۆکەو تانک و زرێپۆشەوە ئۆپەراسیۆنى بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان و بەبیانووى لێدان لە بنکەو بارەگاکانى پەکەکە دەستپێکرد کە بەدرێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵ شکستى لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هێناوەو تەنیا بە زیانى خۆى کۆتایی هاتووە.

سەرەتاى ئەم مانگە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى لە سنورى بادینانەوە بەبەشدارى زیاتر لە ٣٠ هەزار سەرباز لەژێر ناوى "چنگى هەڵۆ"دەست پێکردوەو شەڕەکە لەناوچەى هەفتانینەوەو درێژ دەبێتەوە تا سنورى بارزان، بەڵام هێرشى ئاسمانییەکان فراوانترەو بنارى قەندیل و تەنانەت شار باژێرى لە سنورى پارێزگاى سلێمانیش گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکە بەسەرپەرشتى راستەوخۆى خولسى ئاکار وەزیرى بەرگرى تورکیا بەڕێوە دەچێت و تیایدا بەدەیان فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکەى کۆبراو تانک و زرێپۆش بەشدارن.

لەو رۆژەوەى کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکردوە تورکیا نەیتوانیوە هیچ ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین زیانى گیانى و مادى لێ کەوتووە بە جۆرێک کە هیچ رۆژێک نییە سەربازەکانى بەدەستى گەریلاکانى پەکەکە نەکوژرێن.

تورکیا لەم دواییانەدا لەناوچەى هەفتانین بنکەیەکى سەربازى گەورەى دروستکردوە کە فڕۆکەى جەنگى و تانک و زرێپۆش و چەکى قورسى تێدا جێگیر کردوە ئەوەش دەردەخات کە ئەو ئۆپەراسیۆنە دوور مەودا دەبێت و ئەگەرى هەیە هێزێکى سەربازى ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکى نادیار لەو ناوچەیە بمێنێتەوە.

 ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێم
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەدواى سەردانێکی هاکان فیدان سەرۆکى دەزگاى هەواڵگیرى میت دێت بۆ بەغدا کە تائێستا ناوەڕۆکى سەردانەکەی چی بووە، بەڵام میدیا عێراقییەکان و تورکییەکان بڵاویانکردەوە کە سەردانەکە بۆ وەرگرتنى رەزامەندى بەغدا بووە تا سوپای تورکیا لەشکرکێشى بکاتە سەر بنکەو بارەگاکانى پەکەکە لەسنورى بادینانەوە.

هەرچەندە وەزارەتى دەرەوەى عێراق باڵیۆزى تورکیای بانگهێشت کردووەو ناڕەزایەتى لەوبارەیەوە پێ راگەیاندوەو هاوکات هێزی سەربازى ئۆپەراسیۆنەکانى عێراقیش ئیدانەى ئۆپەراسیۆنەکانى کردوە، بەڵام بە گشتى حکومەتى عێراق هیچ هەڵوێستێکى روون و ئاشکراى نەبووەو حکومەتی هەرێمیش وەک هەمیشە بێدەنگى هەڵبژاردوە، بۆیە گومانى ئەوە دەکرێت کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرێکەوتنى سێ لایەنەى پشتى پەردەى تورکیاو عێراق و هەرێم کرا بێت.

تورکیا یەکەم ئۆپەراسیۆن و بۆردومانى خۆى لە ناوەڕاستى ساڵى ١٩٨٣ لەدژى پەکەکە لەناو خاکى هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدا کە نزیکەى ٨ هەزار سەرباز بەشداریان تێدا کردو بە قوڵایی ٦ کیلۆمەتر هاتنە ناو هەرێمەوە، ئۆپەراسیۆنەکان تا ساڵى ١٩٨٨ بەردەوام بوون، بەڵام بە هیچ کام لەو ئۆپەراسیۆنانەدا نەک نەیتوانى پەکەکە لەناوبەرێت، بەڵکو نەیتوانى لاوازیشى بکات.

ساڵى ١٩٨٣ تورکیاو عێراق رێککەوتێکیان بە ناوی رێکەوتنى( هەماهەنگى ئاسایشى سنور) ئیمزا کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە هەردوو وڵات بۆیان هەبوو بە قوڵایی ١٠ کیلۆ مەتر بچنە ناوخاکى یەکترەوە بۆ رووبەرووبوونەوەى نەیارەکانى یەکتر، ئەوەش دەستی تورکیای بۆ ناو خاکى عێراق واڵا کرد.

لە ساڵى١٩٩١ دا جارێکى تر سوپاى تورکیا بە سود وەرگرتن لە راپەرینى خەلکى کوردستان و ئەو بارودۆخەى لەئارادابوو ئۆپەراسیۆنێکى دیکەى لەدژى پەکەکە دەست پێکرد، بەڵام حکومەتى عێراق لەو ساڵەدا رێککەوتنى(پەیمانى هەماهەنگى ئاسایشى سنورى) لەگەڵ تورکیا راگرت.

لە ساڵى ١٩٩٣ داو دواى شکستى چەندین هەوڵى گفتوگۆو ئاشتى جارێکى تر تورکیا ئۆپەراسیۆنى لەدژى پەکەکە لەژێر ناوى (ئۆپەراسیۆنى ساندویج) بە بەشدارى ٢٠ هەزار سەرباز و سەدان تانک و زرێپۆش و فرۆکەی جەنگى لەناو خاکى هەرێمدا دەست پێکردەوە  کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنى سوپای تورکیا بوو بۆ سەر پەکەکە، چونکە بەنیازى کۆتایی تەواوەتى پەکەکە ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا، بەڵام شکستى هێناو دواى ٣٠ رۆژ لەشەڕ کشانەوە.

ساڵى ١٩٩٦ لەسەر داواکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و خودى مەسعود بارزانى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى لەدژى پەکەکە بە ٣٣ هەزار سەربازەوە دەستپێکردو تیایدا هێزى پێشمەرگەى پارتیش بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەى کرد لە ناوچەى هەفتانین بۆ ماوەى ٥٠ رۆژ شەڕ بەردەوام بوو کە لە ئەنجامدا، بەڵام بە تورکیاو پارتى نەیانتوانى ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و پەکەکە لەناوبەرن.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٤ خەباتى چەکدارى لە دژى دەوڵەتى تورکیا راگەیاندو بۆ ئەو خەباتەش زنجیرە چیا سەختەکانى باکورى کوردستان و باشورى کوردستانیان کردوەتە بنکەو بارەگاى سەرەکى خۆیان، ئەوەى پەیوەستە بە باشورەوە بوونى پەکەکە لەناوچەى شارباژێرەوە بە درێژایی سنورى ئێران درێژ دەبێتەوە بۆ قەندیل و دواتر بادینان کە زیاتر لە هەزار گوند لەژێر کۆنترۆڵیى ناوچەى پەکەکەدایە کە زۆرترینیان دەکەوێتە قەندیل و بادینانەوە لە سنورى قەزاى ئامێدی و زاخۆی.

ساڵى ٢٠١٥ تورکیا بوونى داعشى لە عێراق قۆستەوەو بەبیانووى شەڕی دژى داعش و لەچوارچێوەى هاوپەیمانیەتى دژى داعش بە هەزاران سەربازى خۆی رەوانەى (باشیک) لەسنورى موسڵ کرد، بەڵام لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانى لەدژی پەکەکە بوون نەک چەکدارانى داعش.

شێوازى شەڕکردنى پەکەکە پارتیزانییە واتە"لێدانى لەناوکاو چۆڵکردنى بەپەلەى شوێنەکە"، بەڵام تورکیا هێرشى راستەوخۆ دەکات ئەوەش وایکردوە کە زیانى کەمتر بە پەکەکە بگات، چونکە پەکەکە بە کەمى شەڕى راستەوخۆ دەکات، ئەوەش ئەو تەکنیکەیە کە ئەو رێکخراوە چەکدارییە بۆ خەباتەکەى دژى تورکیا دایهێناوە.

 سوپاى تورکیا لەشکستەوە بۆ شکست
تائێستا تورکیا ٢٨ ئۆپەراسیۆنى فراوانى کردوەتە سەر خاکى هەرێمی کوردستان بەبیانووى لێدان لە بنکەو بارەگاکانى پەکەکە، بەڵام هەمیشە پەکەکە و بەشێک لە چاودێرانى سیاسى دەڵێن، ئامانج پەکەکە نییە، بەڵکو داگیرکردنى خاکى کوردستانە بەو شێوەیەی کە دەوڵەتى عوسمانى کردویەتى.

لەهەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە تورکیا کردویەتیە سەر پەکەکە لەناو خاکى هەرێمدا جگە لە کوژران وبرینداربوونى هەزاران سەرباز و ئەفسەرى سوپاى تورکیاو تێکشکاندنى دەیان فڕۆکەو تانک و زرێپۆش نەیتوانى هیچ لە هێزى پەکەکە کەم بکاتەوە، ئەوەش وایکرد پەکەکە وەک بەهێزترین هێزى چەکدار دژى بە وڵاتەکانیان لە جیهاندا دەنگ بداتەوە.

ساڵى ٢٠١٢ پڕۆسەى ئاشتى لەنێوان تورکیاو کورد لە باکورى کوردستان راگەیەنراو پەکەکە شەڕى راگرت، ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە گفتوگۆى لەگەڵ حکومەتى تورکیا دەکرد، لەسەر داواى ئۆجەلان پەکەکە شەڕى راگرت و بەشێک لە هێزەکەى لە باکورەوە گەڕاندەوە بۆ قەندیل، بەڵام ئاشتى زۆر نەخایاندو لە ٢٠١٥ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا تاکلایەنە پرۆسەى ئاشتى هەڵوەشاندەوەو جارێکى تر شەڕ لەنێوانیان دەستى پێکردەوە.

بەپێی دواین ئامارى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم تورکیا لە ساڵى ٢٠١٩ وە تاکو ئێستا ٤٢٥ جار بە تۆپ بۆردومانى کردوەو نزیکەى ٤٠٠ جاریش بە فرۆکە بۆردومانى خاکى هەرێمى کوردستانى کردوە کە ٢٨٨ گوند بۆردومان کراون.

ساڵى ٢٠١٥ تورکیا بە قوڵایی نزیکەى ٢٠ کیلۆمەتر سنورى هەرێمى بەزاندو لە ناوچەى سیدەکانەوە ئۆپەراسیۆنى دەستپێکرد، بەڵام ئەمجارەیان سوپاى تورکیا بە قوڵایی ٣٥ کیلۆمەتر هاتووەتە هەرێمەوەو بەنیازیشە زیاتر لەو مەودایەش ببڕێت.

لەماوەى ٢٠ ساڵى رابردوودا ١٦٥ هاوڵاتى هەرێم بەهۆى هێرشە ئاسمانییەکانى تورکیاوە شەهیدو بریندار بوون، هاوکات چەندین قوتابخانەو نەخۆشخانەو مزگەوت و خانووى هاوڵاتیان و پردو پڕۆژەى وێران کردوە، تا ئێستا لەلایەن تورکیاو حکومەتى هەرێمیشەوە قەرەبوو نەکراونەتەوەو بریندارەکانیش چارەسەر نەکراون.

هەر بەهۆی بۆردومانەکانى تورکیاوە نزیکەى ٤٠٠ گوند لە سنورەکانى بادینان و سیدەکان چۆڵکراون و نزیکەى  ٣٠٠٠ هەزار کەسیش لەو گوندانە ئاوارەى ناو شارەکان و ناوەچە ئارامەکان بوون.

تورکیا لە هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانەى کردییە سەر پەکەکە شکستى هێنا، بۆیە لە ساڵى ٢٠١٧ تەکنیکى شەڕى گۆڕی و لەرێی سیخوڕییەوە دژى پەکەکە وەستایەوە، بەو تەکنیەکە تورکیا ژمارەیەک سەرکردەى دیارى پەکەکەی کردە ئامانج کە دیاریترینیان(زەکى شەنگالی، دیار غەریب، سەرحەد ڤارتۆ، دەمهات عەگید، جەمیل ئامەد، قاسم نەنگین).

س.هـ

بەپەلە