لێكۆڵینەوەیەكی ئەوروپی ئەنجامی موژدەبەخش لەبارەی مەترسییەكانی كۆرۆنا لەسەر منداڵان ئاشكرادەكات

تەندروستی

30/06/2020‌ 674 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ زۆر نهێنی دەشارێتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە منداڵان و راددەی مەترسی ڤایرۆسەكە لەسەریان، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی نوێی ئەوروپی –نێودەوڵەتی دڵنیایداوە لەوەی مردنی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەدەگمەنی روودەدات.

لێكۆڵینەوەكە، كە ٨٢ دامەزراوەی تەندروستی ئەوروپی بەشداریان تێدا كردووە و یەكەم لێكۆڵینەوەیە بەتایبەت لەسەر منداڵان و هەرزەكاران كراوە (ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان سێ رۆژ بۆ خوار ١٨ ساڵی بووە).

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە پیشانیداوە، كە نزیكەی ٦٠٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵی، كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون تەنیا ٢٥٪یان گرفتە تەندروستییەكانیان لەسەر بەدیار كەوتووە، كە ئەو ڕێژەیەش بەراورد بە كەسانی گەورە ساڵ رێژەیەكی زۆر كەمە.

لەناو ٥٨٢ منداڵی تووشبوو، كە بەشداری لێكۆڵینەوەكەیان كردووە، تەنیا چواریان گیانیان لەدەستداوە، كە ئەوانیش لەسەروو ١٠ ساڵییەوە بوون و هەر لەبنەرەتیشەوە گرفتی تەندروستی تریان هەبووە.

هەروەك لەو ژمارەیە رێژەیەكی زۆر كەمیان، كە ٨٪ بووە، پێویستیان بەوە بووە لە بەشی چاودێری ورد چارەسەر وەربگرن، لەكاتێكدا لێكۆڵینەوەكە گرنگی بەو حاڵەتە سووكانە نەداوە، كە پێویستیان بە یارمەتی یان پزیشك نەبووە، ١٦٪شیان واتا ٩٠ منداڵیان هیچ جۆرە نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان لەسەر دەرنەكەوتووە .

باس لەوەش كراوە، كە ئەگەری زۆرە رێژەی مردنی راستەقینەی منداڵان بەهۆی كۆرۆناوە زۆر لەوە كەمتر بێت، كە لێكۆڵینەوەكە تێبینی كردووە.

لای خۆیەوە دكتۆرە بیگۆنیا سانتیاگۆ لە نەخۆشخانەی زانكۆی گریگۆریۆ مارانیۆ لە شاری مەدرید، كە بەشداری لێكۆڵینەوەكەی كردووە وتویەتی ئەو منداڵانەی جگە لەتووشبوونیان بەڤایرۆسی كۆڕۆا ڤایرۆسی تریشینا هەبووە زیاتر پێویستیان بەوە هەبووە لەبەشی چاودێری چڕ داخڵ بكرێن، بۆیە تێبینی كردنی ئەو كاریگەرییە بۆ وەرزی زستان گرنگە، كە لەو وەرزەدا پەتاكان زیاتر بڵاودەبنەوە.

هەروەك مارك تیبرووگ، لە پەیمانگای ئورمۆند ستریت بۆ تەندروستی منداڵان لە لەندەن گۆڵدج پێیوایە ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكە دڵنیاكەرەوەنو وتویەتی: تێكرای گیان لەدەستدان لەو لێكۆڵینەوەیەدا زۆر نزمە، بەڵام لەراستیدا ڕێژەكە زۆر لەوە كەمتریشە، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری ئەو منداڵانەی بەسووكی تووشی نەخۆشییەكە بوون و پزیشكان تێبینیان نەكردوون، بۆیە لەو لێكۆڵینەوەیەدا ئاماژەیان بۆ نەكراوە.

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی