بەهۆی خواردنی ماددەی پاكەرەوەی دەستەوە سێ كەس گیانیان لەدەستدا

تەندروستی

30/06/2020‌ 1078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ویلایەتی نیو مەكسیكۆ‌- ی ئەمریكا، بە هۆی خواردنی ماددەی پاككەرەوەی دەست، 3 كەس مردن و كەسێكیش كوێر بوو.

دەستەی تەندروستی نیو مەكسیكۆ لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، 7 كەس ماددەی پاككەرەوەی دەستیان خوارد،  ئەمەش بووتە هۆی مردنی 3 كەس و كوێربوونی یەكێكی دیكەیان و 3 كەسیشیان لە ژێر چاودێری چڕدان.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ویلایەتەكە، لە مانگی مایۆی ڕابردوودا، قوربانییانی ئەم ڕووداوە لەدەستەی چاودێریكردنی ژەهراویبوونی ویلایەتەكە تۆماركران، هۆكارەكەش ئەوە بووە، كە سەرجەم قوربانییەكان  ئاڵودەی ماددەی كحولییەكان بوون.

هێندێك لە خەڵكی بۆ دەستكەوتنی كاریگەرییەكانی ماددە كحولییەكان، ئەو پاككەرەوانەی دەست بەكاردێنن، چونكە بڕێك لە ماددەی  كحول و میسانول- یان تێدایە.

پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سەرجەم بەندیخانەكانی ویلایەتەكانی‌ ئەمریكا، ماددەی پاككەرەوەی دەستیان لە هەموو بەندكراوەكان قەدەغە كردبوو، چونكە بەندكراوەكان بۆ بەدەستهێنانی كاریگەری ماددەی كحولییەكان ئەو ماددەیان بەكاردێنا.

بەرپرسە فیدڕاڵییەكان لەو ماوانەی پێشوودا ئەوەیان ئاشكراكرد، كە هەندێك لەو ماددە پاككەرەوانە ماددەی میسانول- یان تێدایە، كە لە كاتی هەرسكردنی یان كاتێك پێست ئەو ماددەیە هەڵدەمژێت، كەسەكان تووشی مەترسی ژەهراویبوون دەكات.

تا ئێستاش پۆلیسی ویلایەتەكە ناسنامەی ئەو كەسانەیان ئاشكرانەكردووە، كە تووشی ڕووداوەكە بوون، باسیان لەو هۆكارەش نەكردووە، كە وایكردووە قوربانییەكان ئەو ماددەیە بخۆن.

سەرچاوە: SKY NEWS  عەرەبییە
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی


بەپەلە