شارپرێس:
بەگوێرەی
رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"ی هیندی ، ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لەویلایەتی
باتنای هیندستان بەکارەسات کۆتایی هات ، ئەویش دوای ئەوەی بووە هۆی گیان
لەدەستدانی زاوا و تووشکردنی ٩٥ کەسی تری بەشداربووی ئاهەنگەکە بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا
، بەجۆرێک تەنیا دوو رۆژ دوای ئاهەنگەکە زاوا کۆچی دوایی کردووە .
زاوا تەمەنی
٣٠ ساڵ و ئەندازیاری پرۆگرامسازی بووە ، لەگەڵ ئەوەی هەموو نیشانەکانی نەخۆشییەکەی
تێدا بووە ، بەڵام کەسوکارەکەی پێش ئەوەی پشکنینی بۆ بکەن تەرمەکەیان سووتاندبوو ،
دواتریش پشکنین بۆ کەسوکاری زاوا کراوە و دەرکەوتووە ١٥ کەس لە خزمەکانی کە
ئامادەی ئاهەنگەکە بوون هەڵگری ڤایرۆسەکەن ، دواتر ئەوەی ئیدارەی ناوچەکە پشکنینی
بۆ ئەو کەسانەی تر کردووە کە بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە دەرکەوتووە کە ٨٠ کەسی
تریشیان تووشی ڤایرۆسەکە بوون
بەگوێرەی
قسەی پۆلیس ، زاوا لە ١٢ی ئایار گەڕاوەتەوە بۆ گەندەکەیان " دیهبالی "
تاوەکو ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی بەڕێوەبەرێت ، لەوماوەیەدا نیشانەکانی نەخۆشییەکەی
لێدەرکەوتووە بەڵام کەسوکارەکەی بەردەوام بوون لە ئامادەکارییەکانی ئاهەنگەکە .
دوای دوو
رۆژ لە هاوسەرگیریکردنی دۆخی تەندرووستیی تێکچووە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ
نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە ، دوای ئەوەش کە پشکنین بۆ بووکەخان کراوە دەرکەوتووە
کە ئەنجامەکەی نێگەتیڤە .
ئیدارەی
ویلایەتی باتنا ئاماژەى بەوە کردوە، ئەوەی ئەو خیزانە کردوویانە پێشێلکردنی ئاشکرای
ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بووە تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ، بەوەی لەگەڵ ئەوەی زاوا
نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر دەرکەوتووە بەڵام ئەوان هەر سوور بوون لەسەر ئاهەنگ
گێران .
وەرگێڕان : ئاکۆعەبدوڵڵا ئاڵی