روحانی: جیهان هەرگیز دیاردەی ئاڵۆزی وەك ڤایرۆسی كۆرۆنای بەخۆیەوە نەبینیوە

جیهان

06/07/2020‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران وتی: نەخۆشییەكە زۆر بە كتوپڕی دەركەوت و بەڕای شارەزایانیش تاكۆتایی ئەمساڵی ئێرانی بەردەوام دەبێت.

سەرۆكی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كۆرۆنا دیاردەیەكی فرەڕووەو هەر لەلایەنی تەندروستی و چارەسەریدا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو بواری ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی‌و ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیشی گرتووەتەوە، بەجۆرێك لەژێر سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەدا چەندین پرس تێكەڵی یەكتر بوون.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا روحانی رایگەیاندووە، بەدرێژایی سەدەی رابردوو جیهان دیاردەی بەو جۆرە ئاڵۆزەی بەخۆوە نەبینیوە، كە هەموو كۆمەڵگە جیاوازەكانی جیهانی خستووەتە ناو بازانەی مەترسییەوە.

سەبارەت بەكاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری ئێران، روحانی باسی لەوە كردووە، تێكرای گەشەی ئابووری ئێران لەساڵی ٢٠١٩ گەیشتووەتە ٢،٩ ، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٠ و لەژێر سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەڕێژەی ٣٪ پاشەكشەی كردووە، ئەوەش پیشانی دەدات، كە چۆن پەتای كۆرۆنا چەند كاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەبووە.

باسی لەوەش كردووە، ئەو دۆخە بۆ ئابووری وڵاتە پێشكەوتووەكان خراپتر بووە، بەشێوەیەك گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانە لەساڵی ٢٠١٩ نزیكەی ١،٧٪ بووە، كەچی لەساڵی ٢٠٢٠ و بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ٦،١٪ پاشەكشەیان كردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی