پارتی چاوی لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراقە

کوردستان

07/07/2020‌ 1555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەو گۆڕانكارییانەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق لە چەند پۆستێكی ئەمنی عێراقدا كردی، عیماد باجەلان پەڕلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای كردووە لەدابەشكردنی پۆستە ئەمنییەكاندا پشكی كوردیش لەبەرچاو بگیرێت.

باجەلان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی دەستوور دەبێت هەموو پێكهاتەكان لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا هاوبەش بن لە هەموو بەشە ئەمنی و سەربازیی و خزمەتگوازری و دیبلۆماسییەكاندا، بەڵام نوێنەرایەتی كورد لە دامەزراوەی ئەمنی عێراقیدا لەپەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات، لەكاتێكدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ كورد خۆی كڕۆكی دامەزراندنەوەی سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بوو.

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: هاوبەشی هەر لە وەزارەتەكاندا كورت نابێتەوە، بەڵكو هەموو سیستەمی دەوڵەت دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی مامەڵە نەكردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لەعێراقدا رۆژ بەرۆژ كورد زیاتر پەراوێز دەخەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە ئەوان هیچ نارەزایەتییەكیان بەرانبەر بەو گۆڕاكاریانە نییە، كە كازمی لە پۆستە ئەمنییەكادا كردوویەتی، بەڵكو لەوە نیگەرانین كە لە پرۆسەكەدا كورد لەبەرچاو نەگیراوە.

رۆژی شەممە، نووسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق نووسراوێكی تایبەتی دەركرد بۆ كۆتاییهێنانی راسپاردنی فالح فەییاز لە سەرۆكایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راسپاردنی عەبدولغەنی ئەسەی لەجیاتی ئەو.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا  ئاڵی