داوادەكرێت هەرێم بخرێتە ژێر بەندەكانی 12و 13ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان

ڕاپۆرت

07/07/2020‌ 4814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
پارێزەر سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم لەشاری سلێمانی، نووسراوێكی ئاراستەی (جنین بلاسخارت) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كردووە، كە تێیدا داوا دەكات كار بكرێت بۆ سپاردنی هەرێمی كوردستان بەئەنجوومەنێكی (سپاردن) بە حوكمەكانی هەردوو بەشی 12 و 13 ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

لەنووسراوەكەی (سمكۆ ئەسعەد)دا، پێشێلكاری مافە دەستووریی‌و یاساییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان، لەسەر دوو ئاست، لایەن هەردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراقدا، خراوەتە ڕوو، بۆیە ئەو داوایە لەنوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات.

بەپێی ناوەڕۆكی نامەكە، لەسەر ئاستی عێراق، خاڵی گرنگی پێشێلكارییەكان بەگرتنە بەری سیاسەتی برسیكردن و بێبەشكردنی هاووڵاتیان لە ماف و شایستە داراییەكانیان لە لایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدرالییەوە، هەروەها چونیەتی جێبەجێنەكردن وەستانەوەی حكومەتی هەرێم بەرانبەر بەو یاسایانەی لە پەرلەمانی فیدراڵی، لە كاتێكدا خودی پەرلەمانتارانی كورد، كە ئەندامی حیزبی دەسەڵاتدارن و هەرێم بەڕێوەدەبەن، لەبەغدا دەنگیان بەو یاسایانە داوە، بەڵام بۆ درێژەدان بە ململانێی نێوان هەردوو حكومەتەكەی هەرێم و فیدرال، هەولێر ئەو یاسایانە جێبەجێناكات.

هەروەها باس لەبێبەشكردنی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم (جگە لەوانەی سەر بەحیزبی دەسەڵاتی هەرێمن) لەدانەمزراندنیان لە فەرمانگەكانی حكومەتی فیدرالی لەسەر ئاستی عێراق دەكات.

ئاستی دووەمی نووسراوە ئاراستەكراوەكە، باس لە پێشلكارییەكانی مافی گەلی هەرێم دەكات لە ناوخۆی هەرێم لە ەنجامی سیاسەتی پەیڕەوكراوی حكومەتی هەرێم، بە نەمانی متمانەی نێوان دەسەڵاتی حوكمڕان و هاووڵاتیان بە هۆی نا دادپەروەری كارەكانی حكومەت و نەپاراستنی ماڵی گشتی و سامانی گشتی و دەوڵەمەندكردنی بەشێك و هەژاربوونی كۆمەڵانێكی زۆر لەخەڵكی هەرێمی كوردستان.

لە بارەی دادگاكان و دادپەروەرییەوە لەنامەكە ئەوە هاتووە، كە مافە ئابووری و بازرگانییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەدواترە لەئاستی عێراق لەبەر ئەوەی چەندین یاسا لە عێراقدا بەركارە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بەركار نەكراوەو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناتوانن تانە لەیاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بدەن لەبەر نەبوونی دادگایەكی باڵا لەهەرێمی كوردستاندا، ئەمەش پێچەوانەی مافە یاسایی و دەستوورییەكانە و پێچەوانەی دادپەروەری یاسادانانە.

سەبارەت بە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لەنووسراوەكە ئەوەش هاتووە، كە پەرلەمان تەنیا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی پێكهێنەرەكانی دەكات لە بەرانبەر مافی هاووڵاتیانی گەلی هەرێمی كوردستان، یاساكان لە پێناوی پێشخستنی بوارە جیاجیاكانی ژیانی هاووڵاتیان داناڕێژرێن .

لەو بارەوە پارێزەر سمكۆ ئەسعەد لەلێدوانێكدا بۆ شارپرێس وتی: ژمارەیەك پارێزەر و مافپەروەر كار لەسەر بابەتی ئەم نووسراوە دەكەین لەپێناوی ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لەم دۆخەی تێی كەوتووە‌و داخوازم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە مافی گەلی هەرێمی كوردستان ڕەچاو بكات لە سایەی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتببەكان بەتایبەتی (بڕگەی ج لە ماددە 77ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان).

ئەو پارێزەرە وتیشی: بەپێی رێكارەكان، هەنگاوی یەكەم بە سپاردنی هەرێمی كوردستان بە ئەنجوومەنێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت، تا چیتر گەلی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە ئابووری و سیاسییە دژوارەدا نەمێنێتەوە.

بەیاننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 26/6/1945 دەرچووە پێشەكییەك و 19 بەش، لە لایەن دەوڵەتانی ئەندام لەو ڕێكخراوەكە واژووكراوەو دواتر لە 24/10/1945 لەسەر ئاستی جیهان، ئەو پەیماننامەیە بەركاركرا .

ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، لە ناوەڕۆكی ئەو پەیماننامەیە، هەردوو بەشی 12 و 13 یە، كە تایبەتن بە سپاردنی هەرێمێكی دیاریكراو بەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ئەنجوومەنێك بە ناوی (ئەنجومەنی سپاردن)، كە سەر بە كۆمەڵەی گشتی ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكە دەبێت.

بەشی 12ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان ناونیشانی (سستمی سپاردنی نێودەوڵەتی) وەرگرتووە، بەماددەكانی 75 تا 85 ئەحكامەكانی سپاردنی نێو دەوڵەتی ڕێكخستووە، لە بارەی چونییەتی كارگێڕی كردنی هەرێمی سپێردراو و ئامانجەكانی ئەو سپاردنە، لە ڕووی چەسپاندنی مافە سەرەتاییەكان و ڕچاوكردنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانی و دادپەروەری لە دادگاییكرنەكان و هاندانی ڕێزگرتن لەماف و ئازادییە سەرەتایی و بنەڕەتییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی گەلی (هەرێمی سپێردراو) لەڕووە كۆمەڵایەتی و ئابووری و فێركردن و پەروەردەوە .
 
هاوكات بەشی 13ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان ناونیشانی (ئەنجوومەنی سپاردن)ی وەرگرتووە، بەماددەكانی 86 تا 91 ئەحكامەكانی كار و ئەركی ئەنجوومەنی سپاردنی ڕێكخستووە، ماددەی 86 تایبەتە بە پێكهێنان و ئەندامێتی (ئەنجوومەن)، لە مادەەكانی تردا چونییەتی كاركردن بە ڕچاوكردنی (ڕێكەوتنی سپاردن)ی هەرێمێكی دیاریكراو بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ڕێكدەخات، میكانیزمەكانی دەنگدان و بڕیاردان لە چارەنووسی هەرێمەكان بەهاوكاری دەستە و ئۆرگانەكانی تری نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەمان بەشدا ڕێكخراوە .

بۆ خوێندنەوەی نامەكە کلیک لێرە بکە ..