ئاژانسی میهری ئێرانی هێرش دەكاتە سەر مستەفا كازمی

ڕاپۆرت

07/07/2020‌ 2576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئاژانسی میهری ئێرانی كە نزیكە لە عەلی خامەنەئی موڕشیدی باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێرانی، قەبارەی ئەو توڕەییە گەورەی ئاشكرا كردووە كە دژ بە كازمی لە ئێران سەریهەڵداوە، بە تایبەتیش داوای ئەو زنجیرە گۆڕانكارییەی لە پۆستە ئەمنییە هەستیارەكاندا ئەنجامیداون. 


لە ژێر ناونیشانی "ئامانج لە جوڵە شاراوەكانی كازمی چییە لە عێراقدا؟" ، ئاژانسی میهر كە لاگیری پاسەوانی شۆڕشی ئێرانییە، باسی لەوە كردووە كە زنجیرە گۆرانكارییەكانی كازمی لە دوو مانگی ڕابردوودا، ئەوەیان نیشانداوە كە حكومەتی عێراقی بە نیازی گۆڕانكاری سیاسی و ئەمنی هەستیارە كە جێگەی پرسیار و تێرامانن.

لەو ماوەیەی پێشوودا كازمی فالح فەیازی لە هەردوو پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوورخستەوە و قاسم ئەعڕەجی بۆ پۆستی یەكەم و عەبدولغەنی ئەسەدی بۆ پۆستی دووەم دەستنیشان كردن.

ئاژانسەكە ئەو هەنگاوەی كازمی بە گورزێكی كوشندە لە قەڵەمدا بۆ سەر هەژموونی ئێران لە عێراق، ئەمەش بە هۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی فەیاز بە عەلی خامەنەئییەوە دەبەستێتەوە.

هەروەها ئاژانسەكە كە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی پارەداری دەكات و سەرۆكی دەزگاكەش لە لایەن عەلی خامەنەئییەوە دەستنیشان دەكرێت وتی: كازمی لەو ساوەی ئەركی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە بە ئاشكرا خۆی لە كارە سەرەكییەكانی دەدزێتەوە، زۆرینەی هێزە شیعەكانیش بۆیە كازمی- یان هەڵبژارد، تاوەكو ئەركەكانی بە وێژدان و دڵسۆزییەوە ڕایی بكات و عێراق بگەیەنێتە كەناری ئارامی و ئاشتی، بەڵام دوا گۆڕانكارییەكانی عێراق سەلماندیان، ئەوەی ڕوودەدات چاوەڕوان نەكراو بوو.

ئاژانسەكە گوزارە لە توڕەیی سەركردایەتی ئێرانی دەكات لە بەرامبەر دوا هەنگاوەكانی كازمی لە گۆڕانكاری لە پۆستە ئەمنییەكان، باسی ئەوەشی كردووە كە ئەسەدی دوای ئەوەی لە لایەن عەبدولمەهدییەوە دوورخرایەوە كازمی گێراویەتەوە.

ئەو ئاژانسە وای دەبینێت كە دۆخی ئەمنی عێراق لە سایەی دوا گۆڕانكارییەكان لە پۆستە ئەمنییەكاندا ڕوون و ئاشكراترە لە جاران، بە تایبەتیش دوای‌ گێڕانەوەی ئەسەدی كە ئەندامی پێشووی حزبی بەعس بووه و‌ دوو ساڵ پێشتر لە لایەن عەبدولمەهدییەوە دەركراوە و خانەنشین كراوە‌.

بەپێی ئاژانسەكە، دانانی كەسێكی وەك ئەسەدی لە ترۆپكی قوچكەی (هەڕەم) دەزگای ئەمنی عێراق، پەیامی مەترسیدار لەخۆ دەگرێت كە بێگومان بۆ ڕازیكردنی ئەمریكییەكانە. لادانی فەیازیش كارێكی دیكەی گوماناوی كازمییە و دژ بە حەشدی شەعبییە.

ئەم هەڵوێستەی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی كە گوزارە لە دیدگای عەلی خامەنەئی مورشیدی باڵا دەكات، جێگەی سەرسامی ناوەندە چاودێرییە عێراقییەكانە سەبارەت بە بوێری ئێران لە گوزارەكردنی ڕوون و ئاشكرای  هەڵوێستەكانی سەبارەت بە دەستوەردانە كاروبارە هەستیارەكانی دەوڵەتی عێراقی.

ئێرانیش هەمیشە جەختیكردووەتەوە، دەست لە كاروباری ناوخۆیی عێراق وەرنادات، بەڵام ئەو هەڵوێستەی ئاژانسی میهری سەر بە خامەنەئی، تیشك دەخاتە سەر زۆرێك لەو ڕۆڵانە‌ی تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بوارە‌كانی سیاسی و ئەمنیدا لە عێراق گێڕاونی. چاودێران پێیان وایە لە ئێستادا ئێران بە ئاشكرا جەنگی لە دژی كازمی ڕاگەیاندووە، دووریش نییە ئەو د‌م بە دمە زارەكییە، پەرەبستێنێت بۆ هەڵكشانی بارگرژی بەرفراوان لە ئایندەدا. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر