راستی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكێشەلەسەرەكان

کوردستان

09/07/2020‌ 1806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق كاتی كۆبوونەوەی داهاتووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و فەرماندە ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵی ئاشكراكردو هەروەك باس لە راستی و دروستی هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكانیش كرد.

لیوا تەحسین خەففاجی وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەلێدوانێكدا باسی لەوە كردووە، لە كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهیچ جۆرێك باس لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان، یان پێكهێنانی ناوەندی ئەمنیی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە نەكراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كۆبوونەوەكە دوای دابڕانێكی زۆری نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەكان بووە و ئامانج لێی پاراستنی سنوورەكان و دەستپێكردنەوەی هەماهەنگی بووە لەنێوان هەردوولا.

خەففاجی ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەی دووەمی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەكان، كە وابڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە یان لەسەرەتای مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، میكانیزمی هەماهەنگی نێوان هەردوولا دیاری دەكرێت.

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕوونیكردووەتەوە، ئەو هەواڵانەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە هەواڵییەكاندا بڵاوكراوەتەوە و باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان كردووە دوورن لەڕاستییەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولخالیق عەززاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ڕێگە نادرێت هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكانی سنووری پارێزگای دیالە بگەڕێنەوە .
 
بەقسەی عەززاوی ناوچەكە هەر لە خانەقینەوە بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی تری سنووری دیالە سەقامگیرن و قورسە ڕێگە بە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بدرێت، بەو پێیەی بەگەڕانەوەی ئەو هێزانە كێشە و گرفت لەناوچەكەدا دروست دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی