سعودییە دەیەوێت لەڕێگای 800 ملیار دۆلار وەبەرهێنانەوە ژمارەی دانیشتووانی ریازی پایتەخت بگەیەنێتە 15 ملیۆن كەس

لە میدیاکانەوە

12/07/2020‌ 787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
بەرپرسێكی حكومی سعوودی باسی لەوە كردووە، كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەچوارچێوەی پلانی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جینشینی سعودییە بەناوی "دیدگای ٢٠٣٠" و لەماوەی دەیەی داهاتوودا دەیانەوێت قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی ریازی پایتەخت دوو بەرانبەری ئێستا زیاد بكەن، بەشێوەیەك تا ئەو ساڵە ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە لە حەوت ملیۆن كەسەوە بگاتە ١٥ ملیۆن كەس.

فەهد ڕەشید سەرۆكی دەستەی موڵكداری لە شاری ریاز رایگەیاندووە، حكومەت بڕی ٢٦٦،٦ ملیار دۆلاری بۆ پرۆژەكانی ئێستای شارەكە تەرخانكردووە، كە بەتێكرایی خۆی لە ٨٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەبینێتەوە لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا.

ئەو بەرپرسە سعودییە روونیكردووەتەوە، كە ریاز دەبێت بە ناوەندی پەرەپێدانی ئابووری لە سعودییە و ناوچەكەدا، بەشێوەیەك پلانیان هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ ئابووری و ژمارەی دانیشتووانی شارەكە دووبەرانبەر بكەن .

بەپێی دیدگای ٢٠٣٠ ، كە ئەندازیارەكەی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییەیە، دەبێت ئەو وڵاتە دەستبەرداری پشتبەستن بەنەوت ببێت و پیشەسازی و پرۆژەی زەبەلاحی ئەوتۆ بنیاد بنێت، كە ملیۆنان هەلی كار برەخسێنێت .

لەئێستادا كار لەسەر بنیادنانی میترۆی ریاز و ناوچەی پیشەسازی و دارایی شارەكە دەكرێت، پێشتریش دەسەڵاتداران چوار دەستپێشخەرییان بۆ باشكردنی كوالێتی ژیان لە ریاز راگەیاندبوو، لەڕێگای وەبەرهێنان بەبەهای ٢٣ ملیار دۆلار .

دەستپێشخەرییان خۆیان لە كۆمەڵگەیەكی سەرگەرمی و گۆرەپانی وەرزشی و بڵاوكردنەوەی زیاتر لە هەزار كاری هونەری و دروستكردنی پاركێك، كە چوار ئەوەندەی رووبەری سەنتراڵ پاركی نیویۆرك بێت، كە بەپێی لێدوانی رەشید زۆرینەی ئەو پرۆژانە لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ تەواو دەبن.

سەرۆكی دەستەی موڵكداری ریاز ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەوان لەراددەی گرنگی دروستكردنی جێگاكانی كاتبەسەربردن و سەرگەرمی تێدەگەن، بەو پێیەی ٦٥٪ی دانیشتووانی شارەكە گەنجن و لەتەمەنی خوار ٣٠ ساڵییەوەن و چاویان لەو جۆرە گۆرانكاریانەوەیە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی