خەونەكانی ئەردۆغان لە لیبیا كۆتاییان پێدەهێنرێت

جیهان

13/07/2020‌ 3226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی بەیانی ئیماراتی بڵاویكردەوە، كە وڵاتانی جیهان بۆ دەركردنی هێزە داگیركەرەكانی توركیا لە لیبیا دەستیان بە جوڵە كردووە، باسی لەوەش كردووە لەئێستادا كات لەبەرژەوەندی ئەردۆغان و ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمیندا نییە و ئەردۆغان بوارێكی كەمی مانۆركردنی بۆ ماوەتەوە، بەتایبەت لەدوای ڕووهەڵماڵین لە دەستتێوەردانەكانی ئەو وڵاتە، كە هۆكار بوون بۆ ئەوەی چارەسەركردنی سیاسی لەلیبیا سەركەوتوو نەبێت  .

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە گومانی تێدا نییە جیاوازی هەڵوێستی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان وایانكرد ئەردۆغان دەستتێوەردانەكانی لەناوچەكەدا زیاتر بكات، بەڵام هاوڕایی جیهانی لەسەر ئەوەی دەبێت پرۆسی لیبیا بەشێوەیەكی سیاسی چارەسەر بكرێت دەرگای لەسەر هەموو جۆرە هەوڵێكی فراوانخوازیی ئەردۆغانی داخستووە .

رۆژنامە ئیماراتییەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا جیهان باش لەنیازەكانی ئەردۆغان تێگەیشتووە و دەزانن لەبەرژەوەندی ئەنقەرەدا نییە دۆخی لیبیا ئارام ببێتەوە و ئاشتەوایی نیشتمانی دروست ببێت، كە سەروەری وڵاتەكە بپاریزێت و رێگە لەدەستتێوەردانە بیانییەكان بگرێت و ڕێگەی چاوچنۆكییە ئاشكراكانی توركیا لەو وڵاتە ببڕێت .

لەبەر ئەو هۆكارانە، رۆژانەمەكە پێیوایە رۆژگاری پلانەكانی توركیا بەرەو كۆتاییە و زوو یان درەنگ لە لیبیا دەردەكرێت، بەوەش نسكۆ و شكستەكانی ئەردۆغان زیاتر دەبن، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی دەستتێوەردانەكانی لە سوریا گورزی گەورەی بەركەوتن، كە ئەوەش ڕێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی كۆتایی بە بەرزەفڕییە سیاسییەكانی ئەو پیاوە لەناوە و دەرەوەی توركیا بێت .

لە بابەتەكەی رۆژنامەی بەیاندا ئەوەش هاتووە، لیبیا یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی سیستەمی عەرەبی، كە كۆمكاری عەرەبی نوێنەرایەتی دەكات و فاكتەری سەقامگیری رۆژئاوای جیهانی عەرەبی و ئەفریقایە، بۆیە دەبێت بەدەروازەی شكستپێهێنانی پرۆژەی ئەردۆغان لەناوچەكەدا. 

هەروەها باس لەوەش كراوە، بۆیە ڕێكەوتنی لیبییەكان لەسەر چارەسەرێكی سیاسی، ڕێگای بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكە و پاراستنی سەروەت و سامانەكەیەتی لەچاوچنۆكی و چاوتێبڕینەكانی توركیا.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی