تیرۆرکردنى قاسملۆ ئەو دۆسییەى لەگیانى ئێران نابێتەوە

کوردستان

13/07/2020‌ 1912 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هێمن حەسەن

د.عەبدولڕەحمانی قاسملو كە 31 ساڵ لەمەوبەر لەكردەوەیەكی رێكخراودا تیرۆر كرا و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش رژێمی ئێران بە بكەری سەرەكی ئەو تیرۆركردنە دەزانێت، هاوكات كەیسی تیرۆركردنی قاسملو هاوڕێیەكانی تائێستا لە دادگاكانی نەمسا بەكراوەیی ماوەتەوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی نەمسا بڵاویانکردەوە کە دادگای باڵای ئەو وڵاتە داوای بەڵگەی نوێی کردوە لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردنی قاسملۆ بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە تیرۆرستییە، بەڵام روون نییە کە ئایا نەمسا جدییە لەو هەوڵە یان فشارێکە بۆ سەر ئێران.

دوای تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ئەو سەركردەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لەزاری برایان هۆك، بەڕێوەبەری پلاندانانی ئەو وەزارەتەوە رایگەیاند" 31 ساڵ پێش ئێستا چەند چەكدارێكی ئێرانی بەناوی دیبلۆماسییەوە سەركردەیەكی كوردیان لەڤێنا تیرۆر كردوە كە ناوی قاسملوە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە پێگەی فەرمیی خۆی چەند كردەوەیەكی كوشتنی بڵاوكردوەتەوە كە ئێران لە جیهاندا ئەنجامی داون و ناوی قاسملو دوو بەرپرسی دیكەی كورد لەناو ئەو ناوانەدایە كە ئێران گوایە تیرۆری كردون،هاوكات شوێن و چۆنیەتی تیرۆركردنەكەشی روونكردوەتەوە.

د.عەبدولڕەحمانی قاسملو لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1930 لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووەو خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەو شارە تەواو كردوە و بۆ خوێندنی دواناوەندیش چووەتە تاران‌، پاشان لەسەروبەندی راگەیاندنی كۆماری مهاباد رێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانی دامەزراندوە، ئەوەش دەبێتە وێستگەیەكی گرنگی كاری سیاسی.

قاسملو لە ساڵی 1947 و دوای رووخانی كۆماری كوردستان ئێران بەجێهیشتووەو رویكردوەتە ئەوروپاو لە زانكۆی پراگ لەچیكسلۆفاكیاو لە بەشی زانستی سیاسی‌و ئابووری  دەستی بەخوێندن كردوە، لە ساڵی 1951دا لەگەڵ كچێكی چیكی بەناوی "هێلێن كرۆلیچ" ناسراو بە "نەسرین قاسملوو" ژیانی هاوسەری پێكهێناوە.

لە 1961دا دەگەڕێتەوە بۆ پراگ و خوێندنی دكتۆرا تەواو دەكات‌و دەبێتە مامۆستای زانكۆو هەر لەوێش نامەی دكتۆراكەی كە بە یەكێك لە بەرهەمە ئەكادیمییە گرنگەكان لە سەر پرسی كورد دادەنرێت بە ناوی "كوردستان و كورد" تەواو دەكات‌و لە ساڵی 1962 وە تا ساڵی 1970 لە زانكۆی پراگ وانەی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی سەرهەڵدانی ئابووری وتووەتەوە.

لە ساڵی 1953 دەبێتە ئەندامی كومیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەسەروەختی ڕووخانی ڕژێمی پادشایەتی لەعێراق‌و هاتنە سەردەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم، قاسملو و چەند سەركردەیەكی حیزبی دیموكرات‌و ڕوویان لە عێراق كردوە.

ئەحمەد تۆفیق كە سكرتێری ئەوكاتەی حیزبی دیموكراتی ئێران بووە بەهۆی نزیكبوونەوەی لە مستەفا بارزانی پەیوەندی لەگەڵ قاسملو تێكچووەو ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی كێشە گەورە لەناو حزبی دیموكرات،  کە ئەمە وایكرد وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر داوای ئەحمەد تۆفیق و بارزانی قاسملو لە عێراق دەردەكات.

هەر بەهۆی ئەو كێشانەوە لەساڵی 1964و لە دووەمین كۆنگرەی حیزبدا، قاسملوو لە حیزب دەردەكرێت‌و لەگەڵ كۆمەڵێكی دیكەی ناو حیزبدا " كۆمیتەی شۆڕشگێڕان"ی پێكدێنن‌و دەچنەوە بۆ ئێران.

قاسملو لە ساڵی 1970 جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ بەغدادو دەستیكردوە بەڕێكخستنەوەی حیزبی دیموكرات‌، ساڵێك دواتر كۆنگرەی دیموكرات بەستراوەو بووەتە سكرتێری ئەو حزبە هەروەها لە 5 كۆنگرەی دواتر كە لەساڵی 1988 ئەنجام دراوە بە سكرتێری دیموكرات هەڵبژێردراوەتەوە.

لەدوای  شكستی ڕێكەوتنی 11ی ئازاری ساڵی 1975 و  دەستپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان شۆڕشی ئەیلول و حكومەتی عێراقیدا، حكومەتی عێراق داوا لە قاسملو دەكات  دژی ئەو شۆڕشە شەڕ بكات و پێشمەرگەكانی بەكارهێنێت، بەلام قاسملو رەتیدەكاتەوەو جارێكی تر بەناچاری عێراق جێدەهێڵێت.

قاسملو بە كەسێكی ئاشتیخواز ناسراوەو هەمیشە داوای رێگای ئاشتی كردوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بەتایبەت لەگەڵ رژێمی ئێراندا،بۆیە بەردەوام داوای هاوكاری لەوڵاتانی جیهان كردوە هاوكاری بكەن بە ئاشتیانە لەگەڵ ئێران رێكبكەون و كێشەی كورد بەبێ بەكارهێنانی چەك چارەسەر بكەن.

قاسملو رووی لە هەر وڵاتێك كردبێت و تا ئەو كاتەی لە ئەوروپاش بووە بەردەوام ویستیویەتی بەرپرسانی ئێرانی ببینێت بۆ دۆزینەوەی رێگا چارە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەو ولاتەدا، بۆیە لە 13ی تەمموزی 1989 لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لەكاتی گفتوگۆدا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەوكاتەی ئێراندا تیرۆریان كردوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەریەكە لە عەبدوڵا ئازەری و دكتۆر فازیل ڕەسوڵ كە دوو كەسایەتی دیاری حزبی دیموكرات دەبن لەگەڵیدا تیرۆر كراون، بەوەش قاسملو هاوڕێیەكانی بوونە قوربانی رێگای ئاشتیانەی چارەسەركردنی كێشەی كورد لەئێراندا.

دەسەلاتدارانی حكومەتی نەمسا لەو كاتەدا بكەرانی ئەو تیرۆرە دەستگیر دەكەن و دواتر رادەستی ئێرانی دەكەنەوە، هەرچەندە ئەو كەیسە لەلایەن حكومەتی نەمساوە تائێستا نەكراوەتەوە هەروەك چۆن داشنەخراوە، هێشتا ئەو كەیسە چاوەڕێی ئەوەیە بجوڵێنرێت و هەڵبدرێتەوە، بەڵام پێدەچێت كەس نییە لایەنە شاراوەكانی ئەو تیرۆرە هەڵبداتەوە.

لە ساڵەكانی حەفتادا قاسملو چەند جارێك چاوی بە خومەینی كەوتووەو لەبارەی كێشەی كوردەوە گفتوگۆی لەگەڵدا كردوە،بۆ ئەو مەبەستەش چەند بەڵێنێكی لە خومەینی وەرگرتبوو، بەلام بە روخانی رژێمی پاشایەتی و هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی، ناوبراو لەبەڵێنەكانی بۆ كوردو قاسملو پەشیمان بوەوە.

لەو هۆتێلەی كۆبوونەوەكەی تێدا كراوە هەریەكە لە محەمەد جەعفەر سەحراڕوودی و مستەفا مستەوفی (ئاجودی)، غەفور درجزی كە بە ئەمیر مەنسور بوزورگیان ئەسڵ و مەحمود ئەحمەدی نەژاد ئامادەبوون، دواتر  سەحراڕودی بەبرینداری و ئەمیر مەنسور بوزورگیان رادەستی ئێران كرایەوە.

لەدوای 31 ساڵ لەتیرۆركردنی قاسملو هاوڕێیەكانی هێشتای ئێران وازی لەو شێوازەی تیرۆركردن نەهێناوەو لەماوەی چەند ساڵی رابردووداو بەپێی وتەی بەرپرسانی پارتەكانی رۆژهەلات رژێمی ئێران چەندین سەركردو پێشمەرگەی باڵای پارتەكانی بەرێگای  جۆراو جۆر تیرۆر كردوە.

لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا چوار سەركردەو نزیكەی 10 پێشمەرگەی حزبی دیموكرات بە هەردوو باڵەكەیەوە تیرۆركراون و بەرپرسانی ئەو حزبەش دەستی تۆمەت بۆ رژێمی ئێران درێژ دەكەن، وەك خۆشیان ئاماژەی پێدەكەن بەشێك لەو تیرۆرانە ئاشكرا بون كە راستەوخۆ ئێرانی لەپشتەوە بووە، لەوانە تەقینەوەكەی ساڵی رابردوی كۆیەو تیرۆركردنی دوو بەرپرسی باڵای دیموكرات لە هەولێر.
س.هـ