ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لەهەرێم بەردەوام دەبێت

کوردستان

14/07/2020‌ 1314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە هەرێمی كورستان بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی بەبۆچوونی ئەوان ئەوە بە تەواوكەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لەرۆژئاوای كوردستان دەزانن.

سەرۆكی توركیا لەوەڵامی پرسیارێكدا، كە ئایا ئەوروپا و ئەمەریكا هەوڵ دەدەن وێنەیەكی پێچەوانە لەبارەی پرۆسە سەربازییەكانی ئەمدواییەی سوپای توركیا لە عێراق درووست بكەن وتی: بەدڵنیایی تیرۆر لە چارەنووسی ئەم ناوچەیە ڕیشەكێش دەكەین، لەمساڵانەی دواییدا هەنگاوی گرنگمان بەو ئاراستەیە بڕیوە، بۆ ئەوەش لەڕێگای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەنجاممانداوە توانیومانە كۆتایی بەو راڕەوە تیرۆریستییە بهێنین، كە دەویسترا لە باكووری سوریا دروست بكرێت.

ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەی كردووە، كە سوپای توركیا توانیویەتی لەسوریا هەشت هەزار و دووسەد كیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و یەكینەكانی پاراستنی گەل " YPG" دەربهێنێت .

بەقسەی ئەردۆغان سوپای توركیا پرۆسەی سەربازیی سەركەوتووی لەهەرێمی كوردستان دژ بە پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامداوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هێرشە ئاسمانی و وشكانییەكانی ئەمدواییەی سوپای وڵاتەكەی تەواوكەری پرۆسە سەربازییەكانی رابردووە دژ بەهێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی