هەشتپێیەكی پەلهاوێژ.. برنار لیڤی چی دەكات لەلیبیا

ڕاپۆرت

28/07/2020‌ 3327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كەسایەتێكی گرێكوێراوی جێی دەمەتەقێ، كە چەشنی هەشتپێیەكی پەلهاوێژ لە هەموو شوێنێك دەیبنرێت و بچێتە هەر شوینێكیش دەیكاتە مەڵبەندی وێرانكاری و ململانێ و خوێن و پشێوی، لە ئێستادا هەنگوینی لە كلۆرەدارەكەی لیبیا و حكومەتەكەی سەڕاجی تەڕابلوسدا دۆزیوەتەوە، ئەم پیاوە برنار هنری لیڤی كەسایەتی فەڕەنسییە، كە دەمەتەقێ و مشتومڕی زۆری لەسەر دەكرێت.

ماستی ئەو سەردانە موویەكی تێدایە و ئاسانیش تێناپەڕێت، بگرە پەرتبوونی ناو سەربازگەی ئیخوانەكانی لیبیای چڕتركردووەتەوە، هەندێك خۆیان لەو سەردانە بێبەری كردووە، وەزیری ناوخۆیی حكومەتەكەی سازانكاری لیبیاشی خستووەتە قەفەسی تۆمەتبارییەوە بەوەی وەزیری ناوبراو ئەو سەردانەی ڕێكخستووە.

سەردانەكەی هنری لیڤی بۆ لیبیا دەمەتەقێ و مشتومڕێكی زۆری بەدوادا هاتووە، بە تایبەتیش لە دوای ئەو شڵەژانەی تووشی هەڵوێستی حكومەتەكەی سەراج بووە، كە گوزارە لە ئیسلامییەكانی لیبیا دەكات‌و خۆیان لەو سەردانە بێبەری كردووە و بەڵێنی ئەوەشیانداوە لێپێچینەوە لە هەموو ئەوانە بكەن، كە لە پشت ڕێكخستنی سەردانەكەوەن، هەروەك ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لێكردووە.

لیڤی، كە پشكداری گەورە بوو لە داڕشتنی بڕیارسازی فەڕەنسی بە دەستوەردان لە لیبیا دژ بە معەمەڕ قەزافی لە ساڵی 2011، تۆڕی پەیوەندییەكانی گەیشتبوونە نیكۆلای ساركوزی سەرۆكی فەڕەنسا، كە دەوترێت لیڤی داوای لێكردووە دەست لە كاروباری لیبیا وەربدات، ئەو عەڕابی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبییە، هەر ئەمەش وایكردووە حكومەتەكەی فایز سەڕاج، كە بانگەشەی ئەوە دەكات پاسەوانی ڕاستەقینەی شۆڕشی فبرایەری ساڵی 2011  و دیموكراسییە لەلیبیا، خۆی لە بەرپرسیاریەتی ئەو سەردانەی لیڤی بۆ خۆرئاوای لیبیا بدزێتەوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن، كە خۆبێبەریكردن و خۆبەدوورگرتنی سەراج و حكومەتەكەی، لە بنەواشەدا دەگەڕێتەوە بۆ لابوونی (ئینتما) لیڤی، كە هەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسییە، فەڕەنساش پشتیوانی سوپای نیشتمانی لیبیا- یە بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر دژ بە تیرۆرست و میلیشیا چەكدارەكان، ئەمەش بۆتە جێی نیگەرانی حكومەتەكەی سەراج كە توركیا پشتیوانی لێدەكات و لەسەر پشێوی و نائارامییەكانی ئێستا دەژیەت.

ئیسلامییەكانی لیبیا شكستیانهێناوە لەوەی پاساوێكی ڕوون و ئاشكرا بدەن بەدەستەوە سەبارەت بە سەردانەكەی لیڤی، میدیاكانیشیان باسیان لەوە كرد، لیڤی نامەیەكی ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسای پێبووە، گوایە لەو نامەیەدا داوای لێبووردنی كردووە سەبارەت بە پشتیوانیكردنی سوپای لیبیا، بەڵام میدیاكانی دیكە پرسەكەیان گەڕاندووەتەوە بۆ قەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەنجومەنی باڵای سەرۆكایەتی بە تایبەتیش ناكۆكی نێوان فایز سەراج و فەتحی باشاغای وەزیری ناوخۆ.

سەچاوە لیبیاییەكانیش ئاماژەیان بەوەداوە، كە لیڤی لە پێش هاتنی بۆ لیبیا هەماهەنگی لەگەڵ عیماد شەنەب-ی میدیاكار كردووە، كە ڕاویژكاری باشاغایە، ئەمەش دژیەكە لەگەڵ لێدوانەكانی حكومەتەكەی سەڕاج، كە سەردانەكەی لیڤی ڕەتكردووەتەوە.

ڕۆژنامەی لاماسیای ئیتاڵی بڵاویكردەوە، لیڤی بانگهێشتنامەیەكی فەرمی لە لایەن نووسینگەی میدیایی وەزیری ناوخۆی لیبیاوە پێگەیشتووە.

سەرچاوە لیبییەكانی دیكە دەڵێن: لیڤی بە ڤیزای وەزارەتی دەرەوەی حكومەتەكەی فایز سەراج هاتۆتە شاری میسڕاتە، باشاغاش ڕەزامەندی دەربڕیووە كە فڕۆكەكەی لیڤی لەو شارە بنێشتەوە.

حكومەتی سازانكاری لیبیا لەوبارەوە رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەكات، كە چۆن لیڤی بە نەژاد جولەكە، كە جێگەی مشتومڕ و دەمەتەقێی ئەم و ئەوە، سەردانی لیبیای كردووە، وتیشی ڕێوشوێنی دەمكوتكەر دەگرێتەبەر لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی لەو پرسەوە گلاون.

ئیخوانەكانی لیبیا ناڕەزاییان بەرانبەر ئەو سەردانە دەربڕی، ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەتیش لە بەیاننامەیەكیدا، كە لە لایەن خالید شمری سەرۆكییەوە دەرچووە دەڵێت: "پێمان سەیرە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی برنار لیڤی دراوە بۆ ناو خاكی لیبیا، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ئەو سەردانە بكەن و ئەو لایەنەش ئاشكرا بكەن كە داوكاری هاتنی لیڤی بووە بۆ لیبیا. 

بە گوێڕەی سەرچاوە خۆجێیەكان، شەممەی ڕابردوو لیڤی بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە فڕۆكەخانەی میسڕاتە دابەزیووە كە 200 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای تەڕابلوسەوە دوورە.

پرۆگرامی سەردانەكەی لیڤی كە میدیا لیبیا- ییەكان بڵاویان كردۆتەوە چاوپێكەوتنە لەگەڵ بەرپرسان و پەرلەمانتارە خۆجییەكانی شارەكە، دواتریش چۆتە شاری تەڕهونە كە لەوێ ڕێگە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی گیراوە و خەڵكی شارەكە ناڕەزاییان بەرامبەر هاتنی دەربڕیووە.

شەممەی ڕابردوو چالاكوانە لیبیا- ییەكان چەند وێنە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی لیڤی- یان دەستاودەست كردووە كە لە شاری تەڕهونە ڕێگری لە كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانی كراوە، دانیشتوانی شارەكە وتیان كە لیڤ- یان دەركردووە، دواتریش لە ژێر لە سایەی پاسەوانییەكی توندی ئاسایشی حكومەتەكەی سەڕاج و میلیشیاكاندا بەرەو شاری (ئەلخومس) چووە.

دوای ئەوەی میلیشیاكانی سەڕاج ئەوەیان دووپات كردەوە كە نەیانهێشتووە لیڤی بێتە ناو شاری تەڕهونە، ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكە (لیڤی) لە لاپەڕەكەی خۆی لە تویتەر چەند وێنەیەكی لەگەڵ چەند چەكدارێكی دەمامكداری سەر بە هێزەكانی ئەركە تایبەتییەكانی حكومەتەكەی سەڕاج لە ناو شاری تەڕهونەوە بڵاوكردەوە، لیڤی بەوە وەسفی ئەو چەكدارانەی كردووە كە پۆلسی ڕاستەقینەی حكومەتەكەی سەڕاجن، نەوەك ئەو ڕێگر و چەتانەی وویستوویان بەر بە سەردانەكەی بگرن، لە كۆتایشدا سەردانەكەی بۆ تەڕهونە ئەنجامداوە.
 
دانیشتوانی تەڕهونە-ش ناڕەزاییان بەرامبەر سەردانەكەی لیڤی نیشانداوە و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا وتوویانە كە ئەو سەردانەی لیڤی ڕەتدەكەنەوە و بەرپرسیارەتی تەواویش دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی هەماهەنگی بۆ هاتنی لیڤی كردووە.

بەیاننامەكە ئەوەشی راگەیاندووە، كە پێمان وایە لیڤی هانی نانەوەی ئاشوب دەدات لە نێوان ڕۆڵەكانی لیبیادا، بۆیە بە توندی ئە كۆششانەی لیڤی و سەردانەكەی ڕەتدەكەینەوە.

لیڤی لە دیارترین ئەو دەموچاوانەیە كە پشتیوانی هەڵكشانی ئیسلامی سیاسی بووە بۆ سەر كورسی فەرمانڕەوایی لە لیبیا، هاریكای ئەو ڕەووتە ئیسلامییانەش بووە لە نانەوەی پشێوی ڕێكخراو لە پێناو مانەوەیان لە فەرمانڕەواییدا، ئەمەش پرسیارگەلێكی لێبڕاوانەی سەبارەت بە ناڕەزاییەكانی ئێستای ئەو ڕەووتە ئیسلامییانە ورژاندووە سەبارەت بە سەردانەكە. پرۆگرامی سەردانەكەی لیڤی بریتی بووە لە كۆبوونەوە لەگەڵ فەتحی باشاغا، كەچی باشاغا ناڕەزایی خۆی سەبارەت بەو سەردانەی لیڤی نیشانداوە. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر