گۆگڵ ڕێگا بەكارمەندەكانی دەدا هەتا هاوینی 2021 لەماڵەوە كار بكەن

تەندروستی

30/07/2020‌ 282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە لە مانگی ڕابردوو پلانی ئەوە هەبوو كارمەندەكانی كۆمپانیای گۆگڵ لەكۆتایی ساڵی 2020 بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسی كارەكانیان، بەڵام ڕاپۆرتێك ئاشكرای كردووە، كۆمپانیاكە ڕێگەی بە كارمەندەكانی داوە بۆ یەك ساڵی تەواو لە ماڵەوە كار بكەن.

گۆڤاری "Wall Street" نووسیویەتی: لە مانگی سێی ئەمساڵ چەندین كارمەندی كۆمپانیای گۆگڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نێردرانەوە بۆ ماڵ بۆ ئەوەی لە ماڵەوە كارەكانیان بكەن، پێدەچێت هەتا مانگی حەوتی ساڵی 2021 لە ماڵەوە لە كارەكانیان بەردەوام بن.

كۆمپانیای گۆگڵ كارمەندەكانی ناردووەتەوە تا لە ماڵەوە كارەكانیان بكەن تا كۆتایی ساڵی 2020 و لە سەرتای مانگی یەكی 2021 بە هێواشی بچنەوە بۆ ئۆفیسی كارەكانیان و دەست بە كرەكانیان بكەنەوە.

بەهەمان شێوەی گۆگڵ، جاك دۆرسی، بریكاری كۆمپانیای تویتەر ڕایگەیاند، چەند كارمەندێكمان ناردووەتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە ماڵەوە كار بكەن‌و هەرگیز بۆ ئۆفیسەكانیان نەگەڕێنەوە.

هەروەها مارك زوكەربێرگی خاوەنی كۆمپانیای فەیسبووك ڕایگەیاند: نیوەی كارمەندانی كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان لەماڵەوە كارەكانیان دەكەن.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ