مرۆڤ بە سەڵتی یان بەهاوسەرداری بەختەوەرترە؟

هەمەڕەنگ

31/07/2020‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆرینەی خەڵك وابیردەكەنەوە، كە بەختەوەریی لەچوونە ناو ژیانی هاوسەریدایە، بەشێوەیەك وایدەبین كە هاوسەرگیری كردن و سەقامگیری لە خێزاندا مرۆڤ دەگەیەنێت بە ئامانجەكەی، بەڵام ئایا هەر بەراست بەختەوەری لەكامیاندایە خێزانداریی یان سەڵتی؟

لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی مێشیگانی ئەمەریكا ئەوەی ئاشكراكردووە، لەراستیدا هاوسەرگیریكردن و بەختەوەری پەیوەست نین بەیەكەوە، بۆیە بەستنەوەی بەختەوەریی و ئاسوودەیی مرۆڤ بە هاوسەرگیریكردنەوە پشتراست نەكراوەتەوە .

لێكۆڵینەوەكە، كە كەسانێكی گرتووەتەوە هەرگیز هاوسەرگیریان نەكردووە و كۆمەڵێكی تریان ماوەیەكی زۆر بووە هاوسەرگیرییان كردووە، جگە لەوەی كەسێكیش لە لێكۆڵینەوەكەدا بەشدار بوون، كە لەژیانیاندا چەندین پەیوەندی سۆزداری كاتی و تێپەڕیان هەبووە، ئەوانەش كە خۆشەویستی راستەقینەیان هەبووەو دواتر خۆشەویستەكەیان لەدەستداوە .

بەپێی لێكۆڵینەوەكە ئاستی دڵخۆشی و ئاسوودەیی لای كەسانی سەڵت بەدرێژایی ژیانیان، لەهەمان ئاستی ئاسوودەیی ئەو كەسانەدایە، كە جارێك یان چەند جارێك لەژیانیاندا پەیوەندی سۆزداریی كاتی و تێپەڕیان هەبووە.

لای خۆیەوە، ویلیام شۆبیك پرۆفیسۆری یاریدەدەر و بەشدار لەئامادەكردنی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: خێزانداریی یان سەڵتی بەتەنیا كاریگەریی تەواوی نابێت لەسەر ئاسوودەیی كەسێك، لەبەر ئەوەی خەڵكانێكی زۆری هاوسەردار، یان ئەوانەی پەیوەندی سۆزداریی دوورودرێژیان هەبووە نائاسوودە بوون، لەكاتێكدا كەسانی سەڵت هەبوون، كە لەچەندین ڕێگای جۆراوجۆرەوە ئاسوودەییان بەدەستهێناوە .

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئەوەشی دەرخستووە، كە ئەوانەی خێزانیان پێكهێناوە بەڕێژەیەكی كەم بەختەوەرتر بوون لەوانەی سەڵت بوون، یان پەیوەندی سۆزداریی كاتی و راگوزەریان هەبووە، بەشێوەیەك پێنوێنی ئاسوودەیی لای كەسانی خێزاندار ٤ پۆینت بووە، لەكاتێكدا لای كەسانی سەڵت و ئەوانەی كۆتاییان بەپەیوەندییە سۆزدارییەكانیان هاتووە  ٣،٨ پۆینت بووە.

لێكۆڵینەوەكە لەسەر ٧٥٣٢ كەس كراوە، كە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵیدا بووە، كە زۆرینەیان لەژیانیاندا تەنیا یەك هاوبەشی ژیانیان هەبووە.

ئامادەكارانی لێكۆڵینەوەكە دەشڵێن: گەڕان بەدوای بەختەوەری لەڕێگای هاوسەرگیریكردنەوە بێسوودە، ئەگەر بێت و پێش هاوسەرگیری خۆت ئاسوودە نەبووبیت.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی