حیزبوڵڵای عێراق ئاسایشی ڕێگای نێوان ئێران و سوریا و لوبنان دەپارێزێت

عیراق

03/08/2020‌ 583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لێكۆڵینەوە عێرقی و رۆژئاواییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئێران بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتە دەرەكییە  فراوانخوازییەكانی لە عێراق و سوریا و وڵاتانی ناوچەكە، میلیشیا چەكدارییە عێراقییەكان بەكاردەهێنێت، كە لەدیارترین ئەو ئەركانەی بەو میلیشیایانەی دەسپێرێت بریتییە لەپاراستنی ڕێگای وشكانی نێوان تاران و سوریا و لوبنان لەڕێگای خاكی عێراقەوە .

بەپێی پلانی ئێرانییەكان، میلیشیاكان لەڕێگای كۆنترۆڵكردنی ناوچەی رۆژئاوای ئەنبار، گەرەنتی پەڕاندەوەی چەك و مووشەك لەوانە موشەكە بالسیتییەكان بۆ سوریا دەكەن، ئەوە جگە لە بازرگانی نایاسایی و هێنان و بردنی چەكدار و سووتەمەنی .
 
سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، چەند لیوایەكی میلیشیای حیزبوڵڵای عێراقی، وەك لیوای ٤٥ و ١٣ ، سەرپەرشتی ئەو پرۆسانە دەكەن، بەشێوەیەك كۆنترۆڵكردنی دەروازی سنووری قائیم لەگەڵ سوریا و ناوچەی "عوكاشات"ی دەوڵەمەند بە سامانە سرووشتییەكانیان قۆستووەتەوە، لەبەر ئەوەی جوڵە و هاتن و چوونیان بۆ سوریا و لوبنان و گەڕانەوەیان بۆ ناو عێراق هیچ چاودێرییەكی گومرگی و دەستەی دەروازە سنوورییەكانی لەسەر نییە.

ئەو ڕێگا وشكانییە، كە لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراقی هاسنووری ئێرانەوە درێژدەبێتەوە، لەوێوە چەك و مووشەكەكەكان لە ناحیەی جورفول سەخر لەباكووری بابل هەڵدەگیرێن، كە بە ناوەندی پرۆسەكانی حیزبوڵڵای لوبنانی و عێراقی و سوپای پاسداران و هێزەكانی باسیجی ئێرانی دادەنرێت.

دەشوترێت لەو ناوچەیەوە سوتەمەنی بەرەو باشووری لوبنان باردەكرێت، بەڵام چەكدارەكان لەڕێگا فەرمییەكان و لەسەر بنەمای ئەو ئاسانكارییانەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران سەرپەرشتی دەكات بەهۆی ئەو هەژموونەی لەعێراق هەیەتی دەگوازرێنەوە .

چەند میلیشیایەكی تریش لەناوچەی عەكاشات لە قەزای قائیم، بەتایبەت لە گوندی مەكر زەیب چالاكن، كە دەكەوێتە قووڵایی رۆژهەڵاتی سنووری عێراق و سوریا، ئەو میلیشیایانەش بریتین لە ئەنساروڵ ئەفیا لیوای ١٩ ، سەریا خوراسانی لویوای ١٨ ، جوڵانەوەی ئەبدال لیوای ٣٩ ، ئەنسارول حوججە لیوای ٢٩ و كەتیبەكانی سەیدول شوهەدا لیوای ١٤ .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی