وردەكاری ڕێكەوتنە نەوتییەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و ئەمەریكا

کوردستان

06/08/2020‌ 3456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێدەچێت ئەو ڕێكەوتنە نەوتییەی لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و ئەمەریكا واژوو كراوە بۆ ئەوەی كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمەریكی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای كوردستاندا بكات، گەلێك لایەنی بەشاراوەیی مابێتەوە و ئاشكرا نەكرابێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی رۆژئاوای كوردستان، ڕێكەوتنەكە بەشتیوانی پاڵپشتی هەریەك لە فەرەنسا و ئەڵمانیا واژووكراوە و هەردوو وڵات تا واژووكردنی ڕێكەوتنەكە بەشدار و ئاگاداری دانوستانەكان بوون،  بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمەریكا بە پاڵپشتی هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا دانوستانی چروپڕیان لەگەڵ سەركرەكانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەردا كردووە.

لای خۆیشییەوە سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی فەرەنسی، كە ئاگاداری وردەكاریی ڕێكەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و ئەمەریكایە، رایگەیاندووە، ئەڵمانیا و فەرەنسا لەسەرەتاوە ئاگاداری بابەتەكە بوون، لەكۆتایی دانوستانەكان و دوای ئەوەی چاویان بە بەندەكانی ڕێكەوتنەكەدا خشاندووەتەوە رەزامەندیان لەسەر دەربڕیوە و بە ڕێكەوتنێكی باشیان وەسف كردووە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، رێكەوتنەكە بۆ بەرژەوەندی گەلی ناوچەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا كراوە، بۆ ئەوەی كەرتی نەوت و ژێرخانی ئابووری ناوچەكە ببوژێنێتەوە، كە بەهۆی شەر و ئاڵۆزییەكانی چەند ساڵی رابردووەوە وێران بووە .

هەمان سەرچاوە جەختیكردووەتەوە، دەبێت نەوت لە دەستێكی ئەمیندا بێت، هێزەكانی سوریای دیموكراتیشی بەهێزی شەرعی ناوچەكە هەژمار كردووە، كە دەبێت سامانی سرووشتی ناوچەكەی لەژێر دەستدا بێت و بەشایانی ئیدارەدانی ئەو سامانە گەورەیەی زانیوە .

سەرچاوە فەرەنسییەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو قازانجەی لەفرۆشتنی نەوتی ناوچەكە دەستدەكەوێت، لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەدا خەرجدەكرێت، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا .

سەبارەت بە پەرچەكردارەكانی توركیا و ئێران و سوریا، سەرچاوە دیبلۆماسییە فەرەنسییەكە رایگەیاندووە، كە ئەوانە پەرچەكرداری ئاسایین، پێشتر قازانجی ئەو نەوتە دەچووە گیرفانی خێزانە دەسەڵاتدارەكانی سوریا، دواتر دەچووە گیرفانی داعش و ئەویش رەوانەی توركیای دەكرد تا ئابوورییە داتەپیوەكەی پێ ببوژێنێتەوە .

هەروەها رایگەیاندووە، هیچ وڵاتێكی ناو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژ بە داعش نارەزایەتی خۆیان سەبارەت بە ڕێكەوتنەكە پیشان نەداوە، تەنانەت پێش واژووكردنیشی پیشانی زۆریانەیان دراوە و ئاگاداری ناوەرۆكەكەی بوون.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی