پارتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە چاوەڕێیە دۆخی تەندروستی ھەرێم باشتر بێت

کوردستان

09/08/2020‌ 605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ھۆكاری دواكەوتنی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ نەخۆشی كۆرۆنا دەگەڕێنرێتەوە، كە گوایە ئامادەكاری كراوە و بڕیارە ئەمساڵ كۆنگرە ئەنجام بدرێت. 

لەو بارەوە عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات دەڵێت: ھۆكاری دواكەوتنی ئەنجامدانی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بڕیار بوو لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە بوو، بەڵام بڕیار دراوە، كە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

روشدی دەشڵێت: ھەموو ئامادەكارییەك كراوە و چاوەڕێ دەكرێت ھەندێك دۆخی تەندروستی ھەرێم باشتر بێت، ئەوكات رۆژێك لە ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە دیاریبكرێت.

پارتی دیموكرات تائێستا 13 كۆنگرەی ئەنجامداوەو دواین كۆنگرەی ئەو حیزبەش لەساڵی 2010 ئەنجامدرا، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی حیزبەكە دەبێت 4 ساڵ جارێك كۆنگرە ئەنجامبدرێت.

هەر لەو بارەیەوە، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە ھەولێر، بۆ میدیای فەرمی حیزبەكەی وتی: پارتی جیددییە لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرە، بەڵام لەگەل ئامادەكارییەكانی كۆنگرە، ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەوە، ئەوەش كاریگەری كردە سەر ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبردنی كۆنگرەی چواردەیەم.

ناوبراو وتیشی: كۆنگرە، گردبوونەوەیەكی حیزبییە و پارتیش لە ڕووی ئەندام و كادرەوە گەورەترین حیزبی عێراق و كوردستانە، لەبەر ئەوەش كاتێك كۆنگرە ئەنجام دەدات، ژمارەیەكی بەرچاوی كادران و نوێنەر بەشداری دەكەن، بۆیە لەم كاتەدا بەڕێوەچوونی كۆنگرە ئەستەمە.

لەبارەی بژاردەكان لە ئەگەری دواكەوتنی كۆنگرە، بڵند ئیسماعیل روونیكردەوە، پارتی زۆر جیددییە ئەمساڵ كۆنگرە بەڕێوە ببات و ھیچ بڕیارێكیش بۆ دواخستنی كۆنگرە نەدراوە.

هـ ـ ح