بافڵ تاڵەبانی: كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی ئەنجامی باشی دەبێت

کوردستان

11/08/2020‌ 1534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كوردستان، كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت.

بڕیارە رۆژی سێ‌ شەممە لەهاوینەهەواری دوكان بەمیوانداری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شاندی یەكێتی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ میدیای یەكێتی راشیگەیاند، گەشبینینین بەكۆبوونەوەكان و دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كوردستان، كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە یەكێتی نیگەرانە لەوەی لەبڕیاری سیاسی هەرێمی كوردستان بەشداری پێناكرێت‌و ئەو نیگەرانییەش بەفەرمی دەگەیەنێتە شاندەكەی پارتی دیموكرات، هاوكات باس لەوەش دەكەن، كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوانیان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت جێبەجێنەكراوەو داوای جێبەجێكردنیشی دەكەن.

هەروەها یەكێتی لەئەدای حكومەتی هەرێم‌و تەنانەت كارەكانی پەرلەمانی كوردستانیش نیگەرانەو دەیەوێت لەو بارەوە لەگەڵ شاندەكەی پارتی گفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی بەهەردوولایانەوە چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە.

پرسی كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان عێراق‌و هەرێم‌و كێشەكانی هەولێرو بەغداش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی رۆژی سێ‌ شەممەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی دەبێت.

شاندەكەی یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە باس لەوەش دەكەن، دەبێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت‌و هەموو پرسەكان یەكلابكرێتەوە.

كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە، ماوەیەكە لەسەر چەند كێشەیەك ناكۆكی لەنێوان هەردوو حیزب هەیەو بەو هۆیەشەوە نەیانتوانیوە، كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

هـ ـ ح