ئێران لەڕێگای تەكنەلۆژیایەكەوە توانای كەشتییە جەنگییەكانی بەرزدەكاتەوە

لە میدیاکانەوە

09/09/2020‌ 701 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەدمیراڵ ئەمیر ڕستكاری، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی پیشەسازییە دەریاییەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاندووە، كەشتییە جەنگییەكانی وڵاتەكەیان بە سیستەمی هاویشتنی ستوونیانەی مووشەكە كرووزە دوورمەوداكان پڕچەك دەكەن، كە ئەم تەكنەلۆژیایە توانای جەنگی كەشتییە جەنگییەكانی ئێران بۆ پێكانی زۆرترین ئامانجی دوژمن بەراددەیەكی زۆر زیاد دەكات.

ئاژانسی سپۆتنیكی روسی لە راپۆرتێكی كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٩ دا باسی لەوە كردبوو، كە ئێران خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی كەشتی پاپۆڕشكینە جەنگییەكانی بە سەكۆی هاویشتنی ستوونیانەی مووشەكی كرووز تەیار دەكات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردبوو، ئەو سەكۆیانە كە بە كورتی پێیان دەوترێت " VLS" ، توانای ئەوە بە كەشتییە جەنگییە پاپۆڕشكێنەكان دەبەخشێت، كە بۆ لێدانی مووشەك و فرۆكە جەنگییەكانی دوژمن، مووشەكەكانی بەشێوەی ستوونی بهاوێژێت.

سپۆتنیك ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە ئێران خاوەنی سیستەمێكی تایبەتی هاویشتنی مووشەكی كرووزی دوورمەودایە بەناوی "باڤار ٣٧٣". 

لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكا و روسیا و چین، خاوەنی سیستەمی هاویشتنی ستوونیانەی مووشەكن، كە هەریەك لەو كەشتیانە دەیان موشەكی كرووزیان لەسەر جێگیر كراوە .

راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، كە زیادكردنی سیستەمی هاویشتنی ستوونیانەی مووشەكی كرووز، هێز و توانایەكی گەورە بەكەشتییە جەنگییەكانی ئێران دەبەخشێت .

لە سیستەمی پێشوودا، ژمارەی مووشەكەكان لەسەر كەشتییەكە كەمتر و ماوەی تەقاندنیشیان بەئاراستەی ئامانجەكە كاتێكی زیاتری پێدەچوو، جگە لەوەی پێش هاویشتنی مووشەكەكە، كەشتییەكە بۆ ئەوەی خۆی لە رادارەكانی دوژمن بدزێتەوە پێویستی بە مانۆڕكردن بوو .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی