ئەو میوانە کامانە کە بۆ تووشبووانی شەکرە گونجاون؟

تەندروستی

13/09/2020‌ 1114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ نەخۆشانی شەکرە ڕێنماییانداوە بەوەی تووشبووانی نەخۆشییەکە ئەو جۆرە میوانە هەڵبژێرن کە ڕێژەی شەکریان کەمە وەک سێو و توو، هەروەک دەستبەرداربوون لە خواردنی میوە پڕشەکرەکانی وەک مۆز و ترێ، تاوەکو لەبەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری ناو خوێنیان بەدوور بن.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە تووشبووانی شەکرە دەبێت خواردنی میوە وشککراوەکانیش کەمبکەنەوە لەبەرئەوەی بڕێکی زۆر شەکریان لەخۆگرتووە و وەکو مرەبای میوەکانن و دەبێت حیسابی شیرینییەکانیان بۆ بکرێت .

بەگشتی ئەوەی بیەوێت پێرەوی سیستەمێکی خۆراکیی تەندرووست و هاوسەنگ بکات ئەوە دەبێت رۆژانە سێ وەجبە سەوزە و دوو وەجبە میوە بخوات مەبەستیش لە وەجبەیەک میوە سێوێکی مامناوەند و وەجەبەیەک سەوزەش مشتێکی پر لە سەوزەیە .

نەخۆشی شەکرە کە هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی گورچیلەکان و کوێربوون و جەڵتەی دڵ و سەکتەی مێشک و بڕینی پەلەکانی خوارەوەیە، بەپێی دواین ئاماری ڕێکخراوی تەندوروستیی جیهانی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکە لەسەرانسەری جیهاندا گەیشتۆتە زیاتر لە ٤٢٢ ملیۆن کەس، لەکاتێکدا لەساڵی ١٩٨٠ ئەو ژمارەیە ١٠٨ ملیۆن تووشبوو بووە.
وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی