شارپرێس:
پزیشکێكی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە رێنمایی نه‌خۆشانی شه‌كره ده‌كات كه هه‌ندێك پشكنین بۆ رێژه‌ی شه‌كره‌كه‌یان بكه‌ن، له‌وانه پشکنینی ئاسایی شەکره پێش نانی بەیانیان و 2 كاتژمێر دوای نانی ئێوارە، یان هەرکاتێک نه‌خۆشه‌كه هەستی بە ناڕەحەتی کرد.
د.داهات حوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و هاوكات بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکی خێزانی تەندروست له سلێمانی له نوسینێكدا رێنمایی نه‌خۆشانی شه‌كره ده‌كات و ده‌ڵێت: "پێویسته پشکنینی ئاسایی شەکره بە جیهازی شەکرەی ماڵەوە پێش نانی بەیانیان و 2 كاتژمێر دوای نانی ئێوارە یان هەرکاتێک هەستی بە ناڕەحەتی کرد بكرێت".
ده‌شڵێت: پێویسته پێوانی فشاری خوێن (زەخت) و کێشی لەش هەموو مانگێک بكرێت و زوو زوو پشکنینی پێیەکان بۆ زانینی سوربونەوە و برین و قورحە، ئەنجامدانی دۆپلەری ڕەنگاوڕەنگی پێیەکان و ئەشیعەی ته‌نوری پەلەکانی خوارەوە ئەگەر پێویستی کرد بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئازار و سڕبونی پێیەکان هەبێت.
ئه‌و پزیشكه باسی له‌وه‌شكردووه: پشکنینی شەکری کەڵەکەبوو (فەحسی تەراکمی، سێ مانگی شەکرە (HbA1c) هەموو سێ مانگ جارێک پێویسته، له‌گه‌ڵ پشکنینی فرمانی گورچیلەکان بەخوێن و لەڕێگای میز بۆ زانینی پڕۆتینی ناو میز، هەموو سێ مانگ جارێک.
د.داهات حوێزی ده‌شڵێت: هه‌روه‌ها پێویسته پشکنینی چەوریەکانی خوێن و ئەنزیمەکانی جگەر هەموو 3-6 مانگێک و پشکنینی چاو و تۆڕەی چاو ساڵی جارێک یان هەرکاتێک بینین تەڵخ بوو بكرێت.
ئه‌و پزیشكه هه‌روه‌ها رێنمایی نه‌خۆشانی شه‌كره ده‌كات ئیکۆی دڵ ساڵی جارێک یان هەرکاتێک ئازاری سنگ و هەناسەتوندی و دڵەکوتێ هەبێت بكرێت، له‌گه‌ڵ سەردانکردنی پزیشکی دەروونی ئەگەر دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و قەلەقی زۆر هەبێت.