شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەمڕۆ یەکشەممەوە وڵاتەکەی دەتوانێت هەموو جۆرە چەک و پێداویستییەکی سەربازی هەناردە و هاوردەی بکات.
لەراگەیەنراوێکدا وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوردە و هەناردەکردنی چەک و پێداویستی سەربازیی لەهەر سەرچاوەیەکەوە و بێ هیچ سنووردارییەکی یاسایی و بەپێی پێویستی خۆی دابین دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوەی هەیە هەناردەی وڵاتانی دیکەشی بکات.
سیانزە ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا بەهاوکاری ئەنجومەنی ئاسایش و لەساڵی2007 بەدەرکردنی بەیاننامەی ژمارە1747ی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی سنووردار کرد، کە پاش ئەوە و لە بەیاننامەکانی دواتر، ئەم سزایانە پشتڕاستی تەواوەتی کرانەوە و لەساڵی2010 بەدەرکردنی بەیاننامەی(1929) سزای بەرفراوانی دیکەی بەتایبەت لەبواری چەکوچۆڵی سەربازی وکەرتەکانی تری پەیوەست بەوەوە جێبەجێ کرد.
هەروەها ساڵى رابردووش ئیدارەی ترەمپ پشتبەست بە ڕێڕەوی ئەنجومەنی ئاسایش و بە پێشکەشکردنی ڕەشنووسێکی نوێ هەوڵیدا بڕیارنامەی ژمارە2231 ئەنجومەنی ئاسایش لەمبارەوە بێ کاریگەری بکات و بڕگەیەکی زیاتر لەمبارەوە بەتایبەت لە بەشی سزاکانی چەک و چۆڵ و پێداویستی سەربازی بۆ نوێکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران جێبەجێ بکات، بەڵام وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش یەکدەنگ لەم هەوڵە پشتیوانییان نەکرد و دەنگی پێویستی نەهێنا.
وەرگێڕان: یاسین نادر