زانیاری ورد لەسەر مووچەى پەرلەمانتاران و خەرجییەکانى پەرلەمانى عێراق

عیراق

19/10/2020‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس :
نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابووری عێراقی ئاشکرای دەکات، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مانگانە ملیاران دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت، ئەوە جگە لە دەرماڵەی پاراستن و خەرجی بەکاربردنی ئەنجوومەنەکە لەکاتی دانیشتنەکاندا .

بەپێی قسەی مەرسومی مووچەی پەڕلەمانتارانی عێراق چەند بەشێکە، بەجۆرێک ٤ ملیۆن دینار مووچەی بنەرەتییە، لەگەڵ ٢ ملیۆن دینار دەرماڵەی پایە و ٣ ملیۆن دینار دەرماڵەی نیشتەجێبوون، هەرچی دەرماڵەی بڕوانامەیە ئەوە ئەوانەی بڕوانامەی دوکتۆرایان هەیە  ١٠٠%ی مووچەی بنەرەتی وەردەگرن، ئەوانەی بروانامەی ماجستێریان هەیە لە ٧٥%خاوەن بروانامەی بەکالیریۆس لە ٥٠% خاوەن بروانامەی پەیمانگا  ٣٥% و خاوەن بروانامەی ئامادەیی لەسەدا ٢٥ی مووچە بنەرەتییەکانیان وەردەگرن .

ئەو شارەزایەى بوارى ئابورى روونیکردۆتەوە کە بەوپێیە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران مانگانە لەنێوان ١٠ بۆ ١٣ ملیۆن دینار وەردەگرن، بەشێوەیەک پەڕلەمانتارێک ئەگەر بروانامەی ئامادەیی هەبێت ١٠ ملیۆن دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر بڕوانامەکەی دوکتۆرا بێت ئەوە مانگانە ١٣ ملیۆن دینار وەردەگرێت، کە ئەوەش ٢٠ ئەوەندەی مووچەی فەرمانبەرێکە کە بڕوانامەی بەکالیریۆسی هەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو برە پارەیە مووچەی کۆتایی پەڕلەمانتاران نییە، لەبەرئەوەی هەر پەڕلەمانتارێک ١٦ پاسەوانی هەیە کە مووچەی هەر یەکێکیان یەک ملیۆن دینارە و بەشی زۆریان پارەکە بۆخۆیانە چونکە پاسەوانیان نییە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە پەڕلەمان خەرجی تریشی هەیە کە خۆی لەخەرجی بەکاربردن (نەسرییە)ی ئەنجومەنەکە دەبینێتەوە، کە بریتییە لە پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە بۆ پەرلەمانتاران لەکاتی دانیشتنەکانی پەرلەمان  و ساڵانە ملیاران دینار دەبێت.
وەرگێران  : ئاکۆ ئاڵی