"باندێك له‌ پارێزگای سلێمانی سه‌ره‌ڕای فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان به‌ڵام ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌"

کوردستان

20/10/2020‌ 1644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیبراهیم محه‌مه‌د، مافناس ڕایده‌گه‌یه‌نێت "كه‌سێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی هەوڵی وێرانکردن و دزینی پارچە شوێنەوارێكی مێژوویی له‌ ڕانیه‌ شكستپێده‌هێنێت، ژیانی كه‌وتوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

ئیراهیم محه‌مه‌د له‌ نوسینێكدا به‌ناونیشانی "هەرێمی کوردستان لە نێوان یاسا و پاشاگەردانی" ڕایگه‌یاندووه‌، "دۆخی هه‌رێم بووتە  هەڕەشە بۆ ڕێکخراوەکان و گروپە بیانیەکان، بۆ نمونە دکتۆر ( جۆن ماک گینس) بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەڵکۆڵینی شوێنەواری دەربەندی ڕانیە، لەپەیامێکدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئاسایشی (ع .ق .ح ) بپارێزن، ئێستاش دۆسیەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە لەدادگای بەرایی دوکان".

ده‌شڵێت "لەبەرئەوەی ئه‌و كه‌سه‌ توانیویەتی هەوڵی وێرانکردن و دزینی پارچە شوێنەواری (ئەزمیر) پوچەڵبکاتەوە، ئێستا مه‌ترسی بۆسه‌ر ژیانی دروستبووه‌".


له‌به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا ئه‌و مافناسه‌ ده‌ڵێت "کۆمەڵێک باندی ڕەفێنەر هەوڵی سوکایەتی پێکردنی خەڵکی وشیار و نیشتیمانپەروەر دەدەن" به‌وته‌ی ئه‌و، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌.

ده‌قی نوسینه‌كه‌:

هەرێمی کوردستان لە نێوان یاسا و پاشاگەردانی
گەشەکردنی کۆمەلگا و بەرەوپێشچوون لە ڕەوتی مێژوویی هەر گەلێک،بەندە بەئاستی جێبەجێکردنی یاسا،رێکخستنی کۆمەڵگا دەرفەتی وەک یەک پێشمەرجی دابینکردن و چەسپاندنی دادپەروەرییە،گەشکردن و بەرزبوونەوەی توانستیی تاک فاکتەری پابەندبوونی تاکە بەیاسا،هاوسەنگی ڕاگرتنی ( ئەرک- ماف) بنەمایە بۆ دروستکردنی ئیرادەی هاوبەش،کۆمەڵگا کاتێک لەڕەوتی گەشکردنی سروشتی خۆی لا نادا ئەگەر سەقامگیری سیاسی پشتیوانی سەرەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی بێت،ئەگەر سەقامگیری سیاسی کۆنتڕۆڵی دۆخی یاسایی لەدەستدا ،پاشاگەردانی و تێچوونی هەڵومەرجی کۆمەڵایەتی دەبێتە دیفاکتۆ.
ئەو وەڵاتانەی نەیانتوانیووە لەڕووی سیستەمەوە دامەزراوەیی بن و دادپەروەری بنەمای حوکمڕانییان بێ،ئەوانەن کار بە یاسا ناکەن،بۆیە سیستەمی سیاسی و دەستەڵاتیان مەحکومە بە کودەتا یا ڕاپەڕینی خەڵک،گەلی کوردستان بەدرێژایی مێژووی ٢٧ ساڵ حوکمڕانی دەبوایە زۆر بەپەرۆش و پابەندبوایە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی ،لەبەرئەوەی کورد خۆی قوربانی نەبوونی یاسا و دادپەروەری بوو، مخابن تەونی تۆڕەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بەرەو لێکترازانێکی ترسناک دەڕوات،چوکە(یاسا) لەکۆمەڵگای کوردستان ڕۆڵێکی لاستیکی پێدراوە،دادگاکان بێ کاریگەرکراون،دۆسیە هەیە چەندین ساڵە تۆزی سەر لێ نیشتووە  و ناجوڵێنرێت، لەکاتێکدا دەبوایە چەند مانگێک دوای ڕوودانیان بڕیاریان لەبارەیەوە دەرابوایە،لەبەر پەیوەستبوون بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵگا.
ئەم کەمتەرخەمیە نەک بۆ تاکەکانی  کۆمەڵگا جێگەی مەترسیە، بەڵکو دۆخەکە بووتە  هەڕەشە بۆ ڕێکخراوەکان و گروپە بیانیەکان، بۆ نمونە دکتۆر ( جۆن ماک گینس) بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەڵکۆڵینی شوێنەواری دەربەندی ڕانیە، لەپەیامێکدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئاسایشی (ع .ق .ح ) بپارێزن، ئێستاش دۆسیەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە لەدادگای بەرایی دوکان، بەپێی ماددەی ٦۳ قانون اسار ی ۱۹۳۹.
لەبەرئەوەی توانیویەتی هەوڵی وێرانکردن و دزینی پارچە شوێنەواری( ئەزمیر) پوچەڵبکاتەوە،کە لەشەوی ١٤/١٥ -٤ - ٢٠١٧ کە هەوڵیان بۆدا،یاخود دۆسیەی ژمارە ( ٤٨ ) مانگی ١٠ /٢٠١٨ ی دادگای بەرایی ڕانیە،وە دۆسیەی ژمارە (339 ) بە ماددەی (443)  لە کۆتایی ساڵی 2018  لە دادگایی بەرایی رانیە،کەدۆسیەکە لە ئاسایشی ڕاپەڕین پارێزراون، کەتیایدا کۆمەڵێک باندی ڕەفێنەر هەوڵی سوکایەتی پێکردنی خەڵکی وشیار و نیشتیمانپەروەر دەدەن،بە نمونەوەرگرتنی ئەم دۆسیانە بۆ ئەوەیە کە هێمن و ئاسایشی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە و بارودۆخێک دەهێنەکایەوە کە وەڵات لەبێ سەروبەریدابێت و تاک لەنائارامیدا گوزەربکات.
ئەم نمونانە و چەندانی تر گەواهی ئەوەن کە سیستەمی سیاسی لەهەرێمی کوردستان خاڵییە لە یاسا و دادپەروەری،ناکرێ دزو مافیا و گەندەڵکاران لەشەقامەکان بەئازادی بسوڕێنەوە، بەڵام خەڵکی ڕووناکبیر و کارەکتەرە وشیارەکان لە بەر ترس و کوشتن سەری خۆیان هەڵبگرن .
ئەم دۆخە بەم شێوەیە لەڕووی نێودەوڵەتی کاریگەری دروست دەکات ،کەهۆکاری دەبێ کە کوردستان مەتمانەی نێودەوڵەتی لەدەست بدات، کە ئاکامەکەی ئەوە دەبێت کە هیچ ڕێکخراو و گروپێکی نێودەوڵەتی و بیانی هاوکاری گەلی کورد نەکات،کە دواجار گەلە ستەمدیدەکەمان تیایدا زەرەرمەندی ڕاستەوخۆ دەبێ!