دەروازەى باشماخ و عەلى حەمە ساڵح لەسەر پرسى "قاچاخچییەتى" یەکتر دەدەنە دادگا

کوردستان

21/10/2020‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەرزى باشماخ روونکردنەوەیەک لەسەر هەواڵێکى عەلى حەمە ساڵح پەرلەمانتارى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بڵاودەکاتەوەو رایدەگەیەنێت کە رووبەرووى دادگای دەکەنەوە، لەبەرامبەریشدا ئەو پەرلەمانتارە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ چوونە بەردەم دادگا.

ئێوارەى ئەمڕۆ عەلى حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان بڵاویکردەوە کە "دوێنێ لیوا مەریوان بەرپرسی کۆمەڵگای باشماخ  ئەنجومەنی بارھەڵگرەکانی بانگکردوەو پێی وتوون، بە کاتیبەکان بڵێن، سبەی بۆ  باری گومرگی کەس نەیەت، واتە: ئەوانەی بەڕەسمی کاڵا دێن و پشکنیان بۆ دەکرێت نابێت داخڵبکرێن".

لەسەر ئەو هەواڵە بەشى راگەیاندن و پەیوەندیەکانى دەروازەى باشماخ  ئەمشەو روونکردنەوەیەکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا رایگەیاندوە" ماوەی (۳) هەفتە زیاترە بەڕێز سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ هیچ کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی بارهەڵگرەکان نەکردووە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، ڕۆژی سێ شەمە شۆفێرێک بەناوی (شەماڵ محمود احمد فتاح) ئەنجومەنی بارهەڵگرە فلاتەکان پەیوەندی بە (لیوا مەریوان)ەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کەوا قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ئێران (فەرید حەق پەنا) کردووە کەدەڵێ تەنها تانکەرە بەنزینەکان دەنێرینە دیوی هەرێمی کوردستان، لەوەڵامدا سەرپەرشتیاری دەروازە بە کاک شەماڵی ووتووە ئاگاداری ئەوبڕیارەی لایەنی ئێران نیم و وەڵامتان دەدەمەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە سەرپەرشتیاری مەرز پەیوەندی کردووە بە بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ ئێران و وتویەتی (۱۷۰۰) تانکەر سووتەمەنی وەستاون و لەبەر بارودۆخی سەلامەتی ڕۆژی چوارشەمە بارهەڵگری هەرێم وەرناگرین بۆئەوەی تەنکەری سوتەمەنی یەکان لەخاکی ئێراندا نەمێنێ و ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکەین بە ئاگاداری سەر کونسوڵی ئێران لە سلێمانی.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانى مەرزى باشماخ ئەوەشى راگەیاندوە کە سکاڵای یاسایی لەسەر علی حمەساڵح تۆماردەکەن لەدادگای پێنجوێن لەسەر ئەو "بوختانە شاخدار"ەی بۆ سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخی کردووە.

لەبەرامبەر ئەو روونکردنەوەیەی مەرزی باشماخدا عەلى حەمە ساڵح دەڵێت"ئەوەی دەبێت بدرێتە دادگا ئێوەن، ئەوە ئێوەن بوون بە پاسەوانی قاچاخچیەکان!! بازاڕتان پڕکردوە لە کاڵای قاچاخ لە ھێلکەو دوگ و میوەو فەرش و ئۆتۆمبیلی مۆدیل کۆن، بەڵێ ئەمڕۆ ھیچ بارێکی ڕەسمی داخڵنەکراوە بە گومرگ، بەڵام دەیان باری تەنسیق(قاچاخ) تان داخڵکردوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردوەتەوە کە ئەو بێمنەتانە دەچێتە بەردەم دادگاو بەبەڵگەوە دەیسەلمێنێت ئێوە (بەرپرسانى مەرزى باشماخ) خەریکی قاچاخچین بۆ بەرپرسان، ناوی ھەموو ئەو کۆمپانیاو شەخسانەش دەدات کە ئێوە(بەرپرسانى مەرزى باشماخ) ڕێگای قاچاخیان بۆ دەکەنەوە.

عەلى حەمە ساڵح داواش لە هاوسەرۆکایەتى یەکێتى و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەکات بە ئارکی سەرشانی خۆیان ھەڵبستن و ڕێگا لەم قاچاخیە ڕێکخراوە بگرن، ھەموو کەس دەزانێت قاچاخچیەکان کێن و بەناوی کێیەوە دەیکەن و ھێزە ئەمنیەکانیش کە ھاوکارو ئاسانکارن لە ژێر دەسەڵاتی کێدان.

هەروەها پەرلەمانتارەکەى گۆڕان دوپاتی دەکاتەوە کە قاچاخی و کۆمپانیاکاری و گەندەڵی سەرجەم خاڵە سنوریەکان بەھاکەی ١٧٠ ملیۆن دۆلارەو ھۆکاری سەرەکی گرفتی موچەیە، ئەم داھاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت لێبڕین نامێنێت.
س.هـ