کازمی بەنهێنی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل دەوروژێنێت

عیراق

23/10/2020‌ 657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری بەدووری نەزانیوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق لەکاتی سەردانەکە ئەمدواییەی بۆ شاری لەندەی پایتەختی بەریتانیا باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلی کردبێت، ڕوونیشی کردۆتەوە کە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندا نییە، بەڵکو بەشێکە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانتارانیش بەهەموو شێوەیەک هەنگاوێکی لەو جۆرە رەتدەکاتەوە.

موعین کازمی سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل پەیوەندی بە حکوومەتی عێراقەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە گەلی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆیە ئەگەر حکوومەتەکەی مستەفا کازمی بیەوێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت ئەوە رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی گەورەی پەڕلەمانتاران دەبێتەوە.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح بەدووری نەزانیوە شاندی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ شاری لەندەن بەنهێنی و لەژوورە داخراوەکاندا پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلیان تاووتوێ کردبێت، بەتایبەت کە بووچوونەکانی کازمی لەگەڵ بۆچوونی ئەمەریکییەکاندا هاوتەریبە . 

رۆژی دووشەممەی رابردووش میسال ئالووسی سیاسیی عێراقی نزیک لە ئیدارەی ئەمەریکا لەلێدوانێکدا بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی وتووە کە شاندی عێراقی لەمیانی گەشتە ئەوروپاییەکەیدا کە هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا دەگرێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل دەکەن.

وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی