پەیمانگای واشنتۆن: هەڵبژاردنی پێشوەختە گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی سیاسیی عێراقدا ناهێنێت

جیهان

24/10/2020‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان، شەقامی عێراقی بەتایبەتی گەنجان،  بڕوایان بەوەنییە لەژێر سایەی کۆنترۆڵکردنی وڵات لەلایەن پارتە سیایسیە دەستڕۆیشتوە کلاسیکییەکانەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی سیاسیی ئێستادا بهێنێت.

پەیمانگا ئەمریکییەکە دەڵێت:"مەرجی دروستبونی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەنەخشەی هێزە سیاسییەکانی عێراق کە دەستیان بەسەر حکومەت‌و پەرلەماندا گرتوە ئەوەیە کە هاوڵاتیان بەگوڕوتین‌و ژمارەیەکی زۆرەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن، بەڵام بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی لەڕێگای سامپڵی هەڕەمەکییەوە کراون‌و ٣ هەزار عێراقی بەشداریان تێداکردوە، دەرکەوتوە کە ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی داهاتودا لە 30% تێپەڕناکات".
 
هەر بەگوێره‌ى ئەو ڕاپرسیانەی پەیمانگای واشنتۆن، "لە 80%ی عێراقییەکان بڕوایان بەپاک‌و بێگەردی هەڵبژاردنەکان نییە، هەروەک لە 70%شیان متمانەیان بەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نییە، هەروەک چۆن تەنها لە 15%یان وادەبینن دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمەنی سیاسیی وڵات".

پەیمانگای واشنتۆن جەختیکردۆتەوە، ئەو ژمارانە پێمان دەڵێن ئەگەربێت‌و هەڵبژاردن لەژێر سایەی ئەو دۆخەی ئێستا بەڕێوەبچێت‌و هیچ لەفاکتەرێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی بۆچونی عێراقییەکان نەبێت، ئەوە ئەو گۆڕانکارییە ڕونادات کە بەشێک لەعێراقییەکان هیوای بۆدەخوازن، بەتایبەت ئەوانەی لەمانگی تشرینی ساڵی ٢٠١٩وە بۆ داواکردنی گۆڕانکاریی هاتونەتەسەر شەقام".