شارپرێس:
قائیمقامى سلێمانى هۆشداریده‌دات له‌ئه‌گه‌رى كاره‌ساتێكى گه‌وره له‌سلێمانى، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، په‌روه‌رده‌كانى ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوا له‌هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ساڵى نوێى خوێندن، ده‌شڵێت:"به‌غدا ده‌ستیكردوه به‌ناردنى نه‌وتى سپى بۆ سلێمانى".
له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌سلێمانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى په‌یامێكى هۆشداریی له‌باره‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى كۆرۆناوه ڕاگه‌یاندو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر خۆپارێزى توند نه‌كرێته‌وه، ئه‌وا پێشبینى كاره‌ساتى گه‌وره له‌سلێمانى ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى ساڵى نوێى خوێندن به‌هۆى بایكۆتى مامۆستایانه‌وه، قائیمقامى سلێمانى ڕایگه‌یاند، "هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى خوێندن‌و دوانه‌كه‌وتنى پرۆسه‌ى خوێندن، هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ى ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاواى شاره‌كه‌ش سه‌رقاڵن بۆ دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێك بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه دوانه‌كه‌وێت".
له‌باره‌ى ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى بڵاوبۆته‌وه كه گوایه د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى توشى كۆرۆنا بوه‌و ته‌ندروستى ناجێگیره، قائیمقامى سلێمانى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌و وتى:"پارێزگارى سلێمانى ته‌ندروستى زۆرباشه‌و هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌و بۆخۆم قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردوه".
به‌وته‌ى قائیمقامى سلێمانى، له‌دواى سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى بۆ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان‌و هاتنى بۆ سلێمانى به‌ڵێنى ڕه‌وانه‌كردنى نه‌وتى سپی‌دا، "ئێستا ناردنى ئه‌و نه‌وته ده‌ستى پێكردوه‌و ڕۆژانه 4 تانكه‌ر بۆ سلێمانى و یه‌ك تانكه‌ریش بۆ هه‌ڵه‌بجه ڕه‌وانه ده‌كرێت، نه‌وته‌كه‌ى سلێمانى له‌كۆگاكانى نه‌وت‌و كانزاكان عه‌مبارده‌كرێت‌و دواتر به‌سه‌ر خه‌ڵكى شاره‌كه‌دا دابه‌شده‌كرێت، دابه‌شكردنه‌كه‌ش له‌و شوێنه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه ساڵى ڕابردوو پرۆسه‌كه تێیدا ڕاوه‌ستا".