شارپرێس:
سەرکردەیەک لە
هێزەکانی حەشدی ئێزیدی لە شەنگال رایدەگەیەنێت ئەوان ڕێگە بە گەرانەوەی هێزەکانی
سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شەنگال نادەن، لەبەرئەوەی پێشتر ئەو هێزانە
شەنگالیان وەک ڕێگایەک بۆ بەقاچاخبردنی نەوت بۆ تورکیا بەکارهێناوە.
فەهد حامید سەرکردە لە حەشدى ئێزیدی بە میدیاکانى عێراق رایگەیاندوە " پێشتر چەند لایەنێکی دەستڕۆیشتووی سەر بە پارتی
دیموکراتی کوردستان رۆژانە لەپارێزگای نەینەوا و لەڕێگای شەنگال و بەناو رەبیعەوە
بەشێوەیەکی راستەوخۆ نەوتیان بەقاچاخ رەوانەی تورکیا دەکرد. ئاماژەی بۆ ئەوەش
کردووە کە لەکاتی خۆیدا شەنگال سەرچاوەیەکی دارایی و ئابووری گرنگ بووە بۆ
پارتی هەربۆیە لەئێستادا بەهەموو ڕێگایەک
هەوڵ دەدەن بۆی بگەڕێنەوە و هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناوچەکە دووربخەنەوە و دەست
بکەنەوە بە کاری قاچاخچێتی نەوت لەناوچەکەدا.
ئەو سەرکردە ئێزیدییە ئاماژەى بەوەشکردوە، شەنگال جگە لەنەوت سەرچاوی بەقاچاخبردنی چەندین ماددەی دزراوی تری شاری
مووسڵ و شارەکانی تری پارێزگای نەینەوا بووە، بەڵام بەقسەی ئەو لەدوای دەرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە مانگی ئۆکتۆبەری
ساڵی ٢٠١٧، کۆتایی بە هەموو ئەو کارە
نایاساییانە هێنراوە.
رۆژی ٩ی ئۆکتۆبەری
٢٠٢٠ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ئاساییکردنەوەی
دۆخی شەنگال رێککەوتن، کەبەپێی ئەوە دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارییەکانی سەر بە حەشدی
شەعبی و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناوچەکە بکشێنەوە و تەنیا هێزە فیدراڵییەکان
ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکەیان لەئەستۆدابێت.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی