شارپرێس:
ئهمڕۆ دوشهممه وهفدێكى خهڵكى شنگالو دهوروبهرى دژی ڕێککەوتنەکەی بەغداو هەولێر چونه بهغداو لهگهڵ سهرۆك وهزیرانى عێراق كۆبونهوه، دواى كۆبونهوهكهش 18 داواكاریان پێشكهشكردو داوایانكرد، شنگال وەک پارێزگایەکی سهر بهعێراق قبوڵبکرێتو هەموو شەڕە هەرێمیو نێودهوڵهتیهكانى لێ دوربخرێتهوه، ههروهك داواش لهئهنجومهنى نوێنهران دهكهن ئێزدییەکان وەک نەتەوە بناسێنێت.
بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێك، لەچوارچێوەی کارو خەباتەکان دژی ڕێککەوتنەکەی بەغداو هەولێر، شاندێکی پێکهاتوو لەنوێنەرانی خۆبەڕێوبەریی شنگالو پادێو تاژێ، لەبەغدا لەگەڵ ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقو ئەمینداری گشتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیو ژمارهیهك لهبهرپرسانى عێراق کۆبونهوهو دواتریش لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق كۆبونهوهیان ئهنجامدا.
لهو داواكاریانهى پێشكهشى مستهفا كازمى كران داواكراوه، "ڕاوێژکارێکی تایبەت بەکاروباری ئێزدییەکان بۆ سەرۆک وەزیران دابمهزرێنرێت لهگهڵ ئهوهشدا داوادهكهین بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک لەسنوری عێراق بهگشتیو بەتایبەت شنگال بوهستێندرێت، چونکە ئەوە ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانو ئارامی شنگال".
ئهوهش ئاشكراكراوه، لهو كۆبونهوهیهدا وهفدهكه 18 داواكاریان پێشكهش بهسهرۆك وهزیرانى عێراق كردوه كه بریتین له:
1ـ داوا لەحکومەتو پەرلەمانی عێراق دەکەین، کە کۆمەڵکوژیی سەر ئێزدییەکان بەجینۆساید بناسێننو لەسەر دۆزی شنگال کاربکەن، تاوانباران ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکەنو کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکرێت.
2ـ لەبری ئەو ئیدارەیەی هەیە لەشنگال، ئیدارەیەکی نوێ دروستبکرێت کە بەشداریی یەکسان بۆ پێکهاتەکان تێیدا لەبەرچاو بگیرێتو تەواوی ئیدارەکە لەخەڵکی شنگال پێکبێت.
3ـ شەنگال وەک پارێزگایەکی گرێدراوی عێراق قبوڵبکرێتو هەموو شەڕە هەرێمیو نێونەتەوەییەکان لەشنگال دوربخرێتەوە.
4ـ پێویستە بڕیاری پێشکەشکردنی هاوکاری بەوکەسانەی کە ماڵیان ڕوخاوەو بریندارکراون، خانەوادەی شەهیدانو بێسەروشوێنان، شنگال بگرێتەوە، لەبەر لەسەروو هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر خەڵکی شنگالدا هاتوە، هیچ هاوکارییەک نەکراون.
5ـ ئەو بڕیارانەی کە لەبارەی بەڕێوهبەری شنگال، هێزی سەربازیی، نەتەوەییو زمان دەدرێت، پێویستە لەلایەن ئێزدییەکان خۆیانەوە بدرێتو بۆچونیان وەربگیرێتو ڕێگا بەهیچ هێزێکی دەرەوە نەدرێت دەست لەکاروباری شنگال وەربدات.
6ـ ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت بۆ شنگالو دوای گەڕانەوەیان هاوکارییان پێشکەشبکرێت.
7ـ وێڕای سوپاسکردنمان بۆ پشتگیریتان بۆ یاسای ژنە ڕزگاربوەکانی دەستی داعش، داوادەکەین پێش سەری ساڵ یاساکە پەسەندبکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ژنانە بۆ ژیانی ئاسایی.
8ـ حکومەت بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخانبکاتو هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دابینبکرێت.
9ـ بۆ هەڵگرتنی زوڵمی سەر ئێزدییەکانو بۆ ئەوەی هەستبکەین کە هاوڵاتی عێراقین، دەبێت ڕۆڵەکانی ئێزدی لەکەرتی سەربازیو پۆلیسو دامەزراوە ئەمنییەکاندا دابمەزرێنرێن.
10ـ داوادەکەین کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە بەدواداچون بۆ ڕفێندراوەکانی ئێزدی دروستبکرێت، بەبەشداریی کەسوکاری قوربانییەکان، زانیارییان لەسەر کۆبکرێتەوەو چارەنوسیان ڕونبکرێتەوە.
11ـ هەزاران ئێزدی لەناو هێزی سەربازیی عێراقدا هەیە، داواکارین ئەو ئێزدیانە بگوازرێنەوە بۆ شنگال بۆ پاراستنی ناوچەکەیان.
12ـ داوای کردنەوە دەرگای سنوری لەنێوان عێراقو سوریا دەکەین، لەشنگال، لەبەرئەوەی تاکە ڕێگایە کە ڕزگاربوانی دەستی داعشی لێوە بگەڕێنرێتەوە شەنگال، داوادەکەین دەرگا سنورییەک بکرێتە فەرمیو لەلایەن خەڵکی شنگالو هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری بکرێتو بپارێزرێت.
13ـ داوای دامەزراندنی ڕاوێژکارێکی تایبەت بەکاروباری ئێزدییەکان دەکەین بۆ سەرۆک وەزیران، لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ خەمو ئازارەکانی خەڵکی ئێزدی بگەیەندرێتە ناوەندی بڕیار.
14ـ بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای شنگال، داوادەکەین ئەو زەویانەی پێشتر لەنەینەواو شنگال لەئێزدییەکان سەندراوە بگەڕێندرێتەوە بۆیان.
15ـ داوا لەپەرلەمانی عێراق دەکەین کە ئێزدییەکان وەک نەتەوە بناسێنێت.
16ـ داوای ڕاگرتنی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین لەسنوری عێراق، بەتایبەت لەشنگال، چونکە ئەوە ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانو ئارامی شنگال.
17ـ داوای کردنەوەی ناوەندێکی سەربەخۆی پۆلیس لەشنگال دەکەین کە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێنج هەزار کارمەندی بۆ دابمەزرێنێتو هاوسەنگی لەدامەزراندی پێکهاتەکانی شنگال لەبەرچاو بگیرێت.
18ـ کاربکرێت بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
