شارپرێس:
سه‌ربارى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌كانى له‌دواى كۆتاییهاتنى شه‌ڕى داعش، جارێكى دیكه هۆڵه‌ندا سه‌ربازانى خۆى بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌وانه ده‌كاته‌وه‌و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ش په‌یامێك له‌وباره‌یه‌وه بڵاوده‌كاته‌وه، سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ناردنى ئه‌و سه‌ربازانه بۆ پاراستنى بنكه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانه له‌فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر.
ستیف بلۆک وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، حکومەتی وڵاته‌كه‌ى بڕیاریداوە 100 تا 150 سەربازى خۆى ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكاته‌وه ئه‌ویش لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
وتوشیه‌تى:"ناردنى سه‌ربازه‌كانمان بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌دواى داواكاریه‌كى فه‌رمانده‌ى گشتیی هێزه‌كانى هۆڵه‌ندا دێت بۆ زیاتر ڕیشه‌كێشكردنى داعش له‌عێراقدا، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندى نیشانداوه".
به‌وته‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا، سه‌ربازانى ئه‌و وڵاته له‌مانگى داهاتوو له‌ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێره‌وه ده‌گه‌نه هه‌رێمى كوردستان.
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵیش، هۆڵه‌ندا ئه‌و 150 سه‌رباز بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی بنكه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیه له‌فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر ڕه‌وانه‌ده‌كات.