زانیاریه‌كى گرنگ له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌به‌غدا ئاشكراده‌كرێت

عیراق

22/11/2020‌ 1513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی عێراق باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا تۆمەتباردەکات بەوەی پێشێلی سەروەری خاکی عێراق‌و یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردوە، ده‌شڵێت:"تاکە باڵیۆزخانەیە لەجیهاندا کە لەڕێگای سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە پارێزگاری لێدەکرێت".

ئەحمەد کینانی پەڕلەمانتاری کوتلەی سادیقون لەپەڕلەمانی عێراق بەپێگەی مەعلوومەی ڕاگەیاندوە، جگە لەباڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق، هیچ باڵیۆزخانەیەک نییە لەجیهاندا سیستەمی دژە موشەکی‌و فڕۆکەو تانک‌و زرێپۆشی هەبێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتویه‌تى:"کارو ڕەفتارەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی پێشێلکردنی بەردەوامی سەرەوەری عێراق‌و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەر بەپاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕازینەبێت، بەڵکو دەبێت لەسەر پێشێلکارییەکانیان سکاڵاش لەسەر ئەو وڵاتە تۆمار بکات".

پەڕلەمانتارەکەی سادیقون ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، حکومەتی مستەفا کازمی هێشتا هیچ داواکارییەکی بۆ پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا پێشکەشنەکردوە، "دەبێت لەسەر بەئامانجگرتنی سەرکردەی هێزەکانی حەشدی شەعبی‌و سەربازگەکانیان داواکارییەک پێشکەشی ئەنجومەنی دادوەری بکرێت‌و ئەوانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە سزابدرێن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی