شارپرێس:
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگهیاند، دوژمنانی وڵاتهكهی لە گورز وەشاندنی سهربازی لە ئێران بێ هیوا بووە و شەڕی سەربازی لە بەرنامەکانی چووەتە دەرەوە.
بهگوێرهی ئاژانسی میهری ئێرانی، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگهیاندووه: "بژاردەی سەربازی دژی ئێران لە بەردەستی دوژمناندا نەماوە و دوژمن لە گورز وەشاندنی سهربازی لە ئێران بێ هیوا بووه و شەڕی سەربازی لە بەرنامەکانی چووەتە دەرەوە".
جهختیشیكردهوه: شەڕی سەربازی دژی ئێران لە کۆنتڕۆڵی دوژمن دەرچووە، بەڵام دوژمنایەتی لە بواری دەسەڵات، دین، فەرهەنگ، ژیان و تەندروستی خەڵک هەر لە ئارادایە.
ئهوهش لهكاتێكدایه ئەمڕۆ لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: گەلی ئێران سەرکەوتو بو لە شەڕی یەکەمدا و سەرەڕای ئەوەی لەو جەنگەدا بە تەنها بو، وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە پشتی رژێمی سەدام بون، "بەڵام گەلەکەمان بە باوەڕەوە توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە جەنگی ئابوریشدا بەتەنها بوین و کەس هاوکاری نەکردین، کرێکاران، جوتیاران، هەناردەکاران و بەرهەمهێنەران و خەڵکی ئێران بەگشتی سەربازی بەرەی پێشەوەی جەنگی ئابوری بون و تا ئەمڕۆ سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە.
رۆحانی وتیشی: هۆکاری سەرنەکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە بو لە ئاستی دەرەوە و کارە رەگەزپەرستەکانی بو کە هەموان دژی بون.