5 رۆژە ژنێک لەلایەن براکانیەوە کوژراوە، تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان زانیاریان لەبارەوە ئاشکرا نەکردووە

کوردستان

04/12/2020‌ 1134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای تێپەڕینی 5 ڕۆژ بەسەر کوژرانی بێ بەزەییانەی ژنێکی لاو بە دەستی براکانی لە شاری سنە، تا ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی فەرمیی لەم بارەیەوە نەبووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە 29ی مانگی رابردوو، ژنێکی لاو بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن 31 ساڵ، لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە، بە پاساوی نامووس بە شێوەیەکی بێبەزەیییانە سەری بڕدرا جەستەی درایە بەر چەقۆ. ئەم ژنە دانیشتووی شاری سنە و دایکی دوو مناڵ بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرگوڵ حەبیبی، کاتژمێر 11ی ئەو شەوە لە ناو ماڵی خۆیدا لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری دیکە بە ناوی "خ" کە ئەویش باوکی دوو مناڵ بووە، لە لایەن هێزەکانی سنەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس، هەر ئەو شەوە، هاوژینی سەرگوڵ حەبیبی، پەیوەندی بە بنەماڵەی سەرگوڵەوە دەکا و داوایان لێ دەکات کچەکەیان لە بنکەی پۆلیسی ببەنەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بە بڕیاری دادوەر، بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ئەگەر ئەو ئافرەتە بدرێتەوە دەست بنەماڵەکەی گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، کاتژمێر سێی بەرەبەیان، سەرگوڵ دەدرێتەوە دەست براکانی و ئەوانیش کاتژمێرێک پاشتر دەیبەن بۆ شوێنێک لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە و بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە دەیکووژن.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند، هەر ئەو شەوە، براکانی سەرگوڵ بە ناوەکان "حەسەن" و "ئیسماعیل" خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە و بڕیاری دەستبەسەر بوونی کاتییان بۆ دەرچووە. هەروەها هاوسەری سەرگوڵ و ئەو کەسەش کە سەرگوڵ پەیوەندی هەبووە لەگەڵی دەستبەسەر کراون.

تەرمی سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی دووشەممە لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە و لە بێدەنگیی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بە خاک سپێردرا.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، لانی کەم 4 ژن بە بیانووی نامووس. بە دەستی بنەماڵە و کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.