شەشی کانون ڕۆژە ڕەشەکەی گەلانی عێراق یان ڕۆژى دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی؟

عیراق

06/01/2021‌ 580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای سەد ساڵ هێشتا مشتومری نیشتمانی بوون و نەبوونی ئەو دامەزراوەیە نەگەشتۆتە ئەنجام، سەرجەم گەلانی عیراق لە یەکێک لە قۆناغەکاندا لەسەر دەستی ئەم دامەزراوەیە توشی نەهامەتی و کوشت وکوشتاربوون، هەمیشە داردەستی مەزهەبی باڵا دەست بوە دژی نەتەوەو مەزهەبەکانی تر.

شەشی کانون ، ڕۆژە ڕەشەکەی گەلانی عێراق...

لەدوای کۆتایی هاتنی ئینتدابی بەریتانی و دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی عێراقی لە ٦ی کانونی ١٩٢١دا یەکەمین یەکەی سەربازیی عیراقی لەلایەن حکومەتە نوێنەکەوە دامەزرا.

سوپایەک کە بە دریژایی سەد ساڵی ڕابردوی لە چەندین شەر و ململانێی ناوخۆیی ودەرەکیدا تێوەگلاوە و زۆرجاریش شکستی هێناوەو تا لێواری لەناوچوون هەنگاوی ناوە.

لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا چەندین کودەتای سەربازی بە پێی بەرژەوەندیی باڵە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنال شۆڤێنی عەرەبی ئەنجامداوە و سەدان و هەزاران کەسیان کوشتوەو زیندانەکانیان پرکردوە لە زیندانی سیاسی و بە کۆمەڵ پەتی سێدارەیان بۆ داناون.

دوای دامەزراندنی یەکەکانی سوپا، لە ئابی ١٩٢٢ دا کارگەی سەربازیی سوپا دامەزرا بە مەبەستی پر کردنەوەی پیداویستییە سەربازییەکان.
ساڵی ١٩٢٤ کۆلێژی سەربازیی دامەزرا
ساڵی ١٩٣١ هێزی ئاسمانی دروستکرا و شەش سال دوای ئەویش هێزی دەریایی بنیاد نرا.
دواتر هەموو ئەم هێزانە لە ژێر یەک چەترداو لە ژێر ناوی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا کۆکرانەوە.

سوپای عێراق لە کێشەو ململانی سیاسیەکانیدا ڕۆلیکی نەرێنیی هەبوەو هەمیشە وەک داردەست لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بەکار هێنراوە بۆ یەکلا کردنەوەی ململانێکان.

تێوەگلان لە کودەتای سەربازیی

سوپا یەکەمین کودەتای لە سالی ١٩٣٦ ئەنجامدا کاتێک بە سەرۆکایەتی بەکر سدقی کودەتایان ئەنجامداو حکومەتێکی نوێیان بە سەرۆکایەتی حیکمەت سلێمان دامەزراند.

لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم سوپا حوکمی پادشایەتی ڕوخاند و وڵاتیان کردە وڵاتێکی کۆماری.
لە ١٩٦٣ دا بەعسیەکان قاسمیان کوشت و خۆیان هاتنە سەر حوکم
لەوە بەدواوە تا سالی ٢٠٠٣ سەرۆککۆمار بوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان

جەنگ و کاولکاری لەسەر دەستی سوپای عێراق

 بەدرێژایی مێژوی شۆرشە کوردیەکان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، سوپا هێزێکی داپلۆسێنەری بێبەزەیی بوەو دەستی لە کۆمەڵکوژی و کاولکاری نەپاراستوە.
هەرکاتێک سوپا لاواز بوبوێت سیاسیەکان پەنایان بۆ گفتوگۆ بردوەو لەدوای بەهێزکردنەوەی خۆیان گەراونەتەوە بۆ داپلۆسین و کۆشتاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان

ساڵی ١٩٨٠ سوپا کەوتە جەنگێکی گەورەی هەشت سالە لەگەڵ ئێرانی دراوسێ
لەو جەنگەدا سەدان هەزار سەرباز کوژران و بریندار بوون و لەناوچوون.

ساڵی ١٩٨٨ لە درێژەی جەنگی ئێران عێراقدا سوپای عێراق بە شێوەیەکی زۆر درندانە پەلاماری هەڵەبجەی داو جینۆسایدێکی گەورە لەسەر دەستی ئەو سوپایە ئەنجامدرا و یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی جەنگ لەسەر دەستی ئەم سوپایە تۆمار کرا.

لە هەمان ساڵدا ئەو سوپایەی لە شەشی کانوندا دامەزرا شالاوێکی گەورەی بەناوی ئەنفالەوە دژی کورد دەستپیکرد و ١٨٢ هەزار کەسی بێتوانیان ئەنفال کرد و کۆمەڵکوژییەکی بێوێنەیان ئەنجامدا.

ساڵی ١٩٩١ بەشێوەیەکی لە خۆباییبوون دەسەلاتی ئەوکاتی عێراق بڕیاری داگیرکردنی کوەتی داو سوپاش بوە جێبەجێکاری بریارەکە و بەهۆیەوە جەنگی کەنداو هەڵگیرسا و سوپاش توشی شکستێکی گەورە بوو.

ئەم سوپایە هیچ کات دەستی نەپاراستوە لە کاولکاری و کوشتاری پێکهاتەکانی عێراق،
هەرکات هەرکام لە پیکهاتەکانی باڵادەست بوبن لە سوپادا پێکهاتەکانی تری توشی کوشتار وداپلۆسین کردۆتەوە
بە نمونە پێکهاتەی شیعەو سونە لەم ساڵانەی دوایدا.

هەڵوەشاندنەوەو دروستکردنی سوپایەکی نوێ:::

ساڵی ٢٠٠٣لەسەردەستی ئەمریکاو هاوپەیمانان دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق کۆتاییهات
ساڵی ٢٠٠٤ پۆل بریمەری حاکمی مەدەنی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی داو سوپایەکی نوێی لەسەر بنەمای خۆبەخشی دامەزراند.
بەڵام ئەمجارەیان سوپا خرایە ژێر دەسەلاتی سەرۆکوەزیران لە بری سەرۆککۆمار.

ئەم سوپا نوێیەش دور نەبوو لە دەستوەردانی مەزهەبی و لە چەندین قۆناغی هەستیار وگرنگدا لەسەر فەرمانی کەسایەتیە سیاسی و مەزهەبی و تایئیفیەکان لە چەندین کردەو جموجولی نایاسایی تێوەگلاوە.

ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی داعش سوپا توشی شکستێکی گەورە هات و بەوژمارە زۆرەوە نەیتوانی بەرگەی چەند خولەکێک بگرێت و بەرگری بکات و لەماوەیەکی زۆرکەمدا سێ پاریزگای عیراقی لەدەستدا.

لە ئێستادا زیاد لە هەموو کات سوپای عێراق بەدەست میلیشیا و هێزە ناڕێکخراوەکانی حزب و مەزهەبەوە دەناڵێنێت و هیچ واتەیەک بۆ بونی سوپایەکی لەوجۆرە نەماوەتەوە کە دەسەڵاتی بەسەر میلیشیاو هێزە حزبی و مەزهەبی و تائیفیەکاندا بشکێت.

ئێستا هێزە مەزهەبی و میلیشیاکان بونەتە جێگرەوەی تەواوەتی سوپا و ئەوان بڕیار لەسەر زۆربەی کردە سەربازیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ولات دەدەن.
هەموو ساڵیک شەشی کانون دەکرێتە پشوی فەرمی لە تەواوی عێراقدا بەهۆی ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە.

بەڵام پێکهاتەکانی عیراق ئەو سوپایە بە دامەزراوەیەکی نیشتمانی نازانن بە هۆی سەرجەم ئەوکارانەی لەسەر دەستی ئەو سوپایەو بەناوی ئەوسوپایەوە دەرهەق بە سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات کراون.
س.هـ