پسپۆڕێک مەترسییەکانی بیستۆکە بێتەلەکان ئاشکرادەکات

تەندروستی

07/01/2021‌ 330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنتۆن کۆکانۆڤ سەرۆکی ناوەندی "ڕوسکا جزتڤا" بۆ پسپۆڕییە ژمارەییەکان لەڕوسیا ڕایگەیاندوە، کە بیستۆکە بێتەلەکان بوارێکی موگناتیسی لەرەلەر نزم دەردەکەن‌و هێشتا هیچ بەڵگەیەکی براوە لەبەردەستدا نییە کە زیانەکانی بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ بسەلێمنێت، بەڵام کەسانێک هەن لەزیانەکانی ئەوجۆرە بیستۆکانە بەگومانن.

کۆکانۆڤ بەپێگەی برایمی وتوە، "بەشێک لەبەکارهێنەرانی ئەو بیستۆکانە ترسێکی زۆریان لەتێپەڕبونی تیشکەکان بەنزیک مێشکیاندا هەیە، بۆیە ئەگەر کەسێک لەتەندروستی خۆی دەترسێت ئەوە دەبێت کاتی بەکارهێنانی بیستۆکە بێتەلەکان دیاریبکات‌و نابێت بەردەوام لەگوێتدابێت‌و شەوانیش پێیەوە بخەوێت".

پسپۆڕە ڕوسییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، "دەنگی بەرز مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی دروستدەکات، بەوپێیەی کاریگەریی نەرێنی دەکاتەسەر هەستی بیستن، بەتایبەت ئەگەربێت‌و ئەو بیستۆکانە بۆماوەیەکی دورودرێژ بەکاربهێنرێن".

لەکۆتاییدا کۆکانۆڤ، وتویەتی:"لەئەنجامی دەنگی بەرز، وردە وردە خانە هەستەوەرییەکانی گوێگر زیانیان بەردەکەوێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بیستن، بۆیە نابێت لەڕۆژێکدا زیاتر لەسێ کاتژمێر زیاتر بەکاربهێنرێت، ئەگەر بەسەریەکیشەوەبێت، ئەوە تائەوپەڕی دەبێت دوو کاتژمێر بێت‌و نابێت دەنگەکەشی بۆ ئەوپەڕی بەرزبکرێتەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی