لەنێو پارتی دووئاڕاستە دروستبووە.. زێباری: گفتوگۆ هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ شیعە و سوننەكان

کوردستان

08/01/2021‌ 5562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئاراستەیەک هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە هاوپەیمانێتیەکی سیاسی گەورە کە لەسەرجەم لایەن و نەتەوەکان پێکهاتووە وەكو پارتی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن. 

هەرچەندە ماوەیەكە ئاڕاستەیەكی نزیك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دژی گەڕانەوەن بۆ بەغدا و لەچەند رۆژی رابردووش بەئاشكرا هەریەكە لە مەسعود حەیدەر و ئازاد جوندیانی راوێژكارانی بارزانی لەمیدیاكانیانەوە خستویانەتە ڕوو بەڵام لەئێستاشدا ئاڕاستەیەكی پێچەوانەی سەرۆكی ئەوحزبە لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی یین بۆ بەغدا. 

بەڵام هۆشیار زێباری، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقیە ئاماژەی بەوەكردووە، بیرۆكەیەك هەیە كە هێشتا بەباشی گەڵاڵە نەبووە، ئەویش ئەوەیە ئێمە بۆ تەنیا بیر لە چوارچێوە بەرتەسكەكەی كورد بكەینەوە ؟ بۆچی هاوپەیمانێتی دەرەوەی نەتەوە‌و مەزهەب نەكەین، واتا لیستی تێكەڵ، لەراِستیدا ئەمە باسكراوە.

ئاشكراشیكردووە، لەمبارەیەوە هێشتا بڕیار نەدراوە، بەڵام بەدووری نازانم، دەكرێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی سوننە یاخود شیعە هاوپەیمانێتی بكەین كە نزیكن لێمان‌ و دەتوانین بگەینە رێككەوتن پێكەوە.

ئەو سەركردەیەی پارتی جەختی لەوەشكردەوە، هەرچەندە تاوەكو ئێستا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە کۆتایی لەسەر هاوپەیمانێتییەكە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە، ئەوەشی پێشنیار کراوە ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانێتیە بە بەشداری ئەو کوتلە کوردیانە بێت کە سەنگیان هەیە نەک کەسەکان، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕویاندا.

زێباری لەبارەی دەنگی حزبەكەشیەوە تەئكیدی لەوەكردەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کورسییەکانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.

پێشی وایە، یاسای نوێی هەڵبژاردن کاریگەری ئەوتۆ لەسەر پێگەو کورسییەکانی کورد دروست ناکات.

پێچەوانەی قسەكانی هۆشیار زێباری و ئەو ئاڕاستەیەی كەلەگەڵ ئەوەن پارتی زیاتر لەبەغدا نزیبێتەوە پێشتر ئازاد جوندیانی راوێژكاری بارزانی  لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان" رایگەیاندبوو"عەرەبی عێراق بە هەمو مەزهەبە جیاوازەكانیانەوە و بەتەواوی كیانە سیاسییە جیاوازەكانیانەوە، هەرگیز نەیان وتوە ئێمە نەتەوەی كوردمان قبوڵ نییە، چونكە لە عێراقدا بونی نەتەوەی كورد قۆناخی دەڵەمەیی تێپەڕاندوە، بۆیە هەمویان دەڵێن قبوڵمانە، بەڵام ئەوان كوردێكی كۆیلە، نەتەوەیەكی كۆیلەو بچوكیان دەوێت، بگرە لە ئاستی (تاك)یشدا ئەوان تاكی بچوكی كوردیان دەوێت."

ئازاد جوندیانی وتوشیەتی"جا ئەو كەسەی كۆیلەبونی قبوڵە با بچێت بۆ بەغدا، بەڵام بۆی ناچێتە سەر كویلەبونی قبوڵ بێت و بانگەشەش بۆ كۆیلەبونی كورد بكات و لە كوردستانیش بێت، ئێستا كوردستان هەر هێندەی ماوە تۆزێك خۆی مشتوماڵ بكاتەوە، دەنا كوردستان پڕاوپڕە لەو گەنجانەی كە هەمو ئەنگێزەو خەیاڵیان ئەوەیە ببنە "سوارەی سەربەخۆیی"."

هاوكات هەر لەم ئاڕاستەیە مەسعود حەیدەر و بەشێكی دیكە لەسەركردە و پەرلەمانتارەكانی پارتی دەڵێن، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت تۆڵە لەهەرێم بكەنەوە و ئەوانیش فشار لەكازمی دەكەن كە بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت. 

ئەوەش لەکاتێکدایە،  بڕیارە لە رۆژی 6 ی حوزەیران هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق ئەنجامبدرێت پارتی دیموكرتی كوردستانیش لەئێستادا دابەش بووەتە سەر دووئاڕاستە ئاڕاستەیەك بەرەو بەغدا و نزیك بوونەوە لەلایەنە شیعەكان ئاڕاستەیەكی دیكەش دوركەوتنەوە لێیان.