ئایا شێرپەنجە لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێتەوە؟

تەندروستی

11/01/2021‌ 648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی یابانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەکرێت نەخۆشیی شێرپەنجە لە دایکی تووشبووەوە بەنەخۆشیی گرێی منداڵدان بۆ کۆرپەلەکەی بگوازرێتەوە، لەحاڵەتێکدا ئەگەر بێت و لەدایکبوونەوەکە بەشێوەی سرووشتیی بووبێت.

توێژەرە یابانییەکان وتویانە دوو منداڵ کە یەکێکیان تەمەنی ٢٣ مانگ و ئەوەی تریان شەش مانگ بووە تووشی شێرپەنجەی سییەکان بوون، دەرکەوتووە لەڕووی جینییەوە لەگەڵ شێرپەنجەی منداڵدانی دایکیان هاوشێوە بوون، بۆیە گومان دەکرێت ئەو دوو منداڵە نەخۆشییەکەیان لە دایکیان و لەکاتی منداڵبووندا بۆ گوازراوەتەوە.

لەوبارەیەوە دوکتۆر ئیمو ئەراکاوا پسپۆڕی گرێ شێرپەنجەییەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناوەندی نیشتیمانی بۆ شێرپەنجە لە تۆکیۆ رایگەیاندوە" گومان دەکریت لەهەردوو حاڵەتەکەدا گرێ شێرپەنجەییەکان لەدایکەکەدا پەیدابووبن و لەکاتی لەدایکبووندا بۆ کۆرپەلەکان گوازرابنەوە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، گواستنەوەی شێرپەنجە لەدایکەوە بۆ منداڵ زۆر بەدەگمەن روودەدات، بەشێوەیەک لەهەر ٥٠٠ هەزار حاڵەت تەنیا یەک حاڵەت روودەدات.
توێژەرانیش دەڵێن لەدایارترین ئەو شێرپەنجانەی لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێنەوە بریتین لە شێرپەنجەی خوێن و ڕژێنە لیمفاوییەکان و شێرپەنجەی پێست.
بەگوێرەی پێگەی "یو بی ئای"، زاناکان ڕێنمایی دەدەن بەوەی ئەو ئافرەتانەی تووشی شێرپەنجەی گرێی منداڵدان بوون، لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە منداڵیان ببێت، تاوەکو مەترسیی گواستنەوەی شێرپەنجە بۆ منداڵی تازاە لەدایکبوو لەڕێگای زێوە دووربخرێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی