چی ناهێڵێت یەکڕیز بن؟
ئەوانەى داواى یەکڕیزى دەکەن دوای هەڵبژادن دەکەونەوە گیانى یەکتر

ڕاپۆرت

13/01/2021‌ 1403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەر کاتێک هەرێمی کوردستان لەبەردەم پێشهاتی نوێ، یاخود هەڵبژاردندا بێت، ئیدی هێزە سیاسییەکان هەموو باس و خواسێکیان دەبێتە باسی کۆدەنگی نیشتمانی و یەکڕیزی نەتەوەیی و بیر لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتی سیاسی و نیشتمانی دەکەنەوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرفراوانی بۆ دەکەن، هەر لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکەی، ئیدی چوار ساڵی پەرتەوازەیی و دورکەوتنەوە و پەراوێزخستنی یەکتری دەبێتە واقعی هەرێم و هەر حزبە و ئەوی دیکە بە هۆکاری پەرتەوازەیی نێو مالی کورد تۆمەتبار دەکات.

لە ئێستاشدا نزیکدەبینەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هێزە سیاسییەکانی هەرێم جارێکی دیکە و بە هەمان فۆرمی جاران، باس لە کۆدەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەن و گەڕی کۆبوونەوە دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
لە لایەک پارتی سەردانی یەکگرتوو دەکات و لە لایەکی دیکەوە یەکێتی لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە و بەرنامە و پلانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دادەنێن.

ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندی حزبیی خۆیان ئامادەن هەر کات و لە هەر بارودۆخێکدا بێت، کۆبوونەوە بکەن و بڕێک جاریش سازش بۆ یەکتری بکەن، تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیاندا، بەڵام ئەوەی ناڕونە و هۆکارەکەی نازانرێت ئەوەیە، کە ئەم هێزە سیاسییانە کەی لە بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیان خۆشدەبن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان.

پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەر ئاستی عێراق و هێزە شیعی و سوننیەکانیش بیر لە هاوپەیمانییەتییەکی بەرفراوان دەکاتەوە و دەیەوێت لیستێکی گەورە لەسەر ئاستی عێراق لەگەڵ بەشێک لە هێزە عێراقییەکان دروست بکات، لە لایەکی دیکەوە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەیان لە بارەی چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا کردووە و بڕیاریشە پارتی وەک دەستپێشخەرییەک لەگەڵ زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا کۆببێتەوە.

کۆبوونەوە و ئامادەکاریی هێزە سیاسییەکان لە کاتێکدایە، هێزە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نەک نەیانتوانیوە یەکڕیز و یەکگرتوو بن، تەنانەت لە هیچکام لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە عێراق نەیانتوانیوە بۆچوونێکی هاوبەشیان هەبێت، ئەمە سەرەڕای تۆمەتبارکردنی یەکتری بە دژایەتیکردنی هەرێم و کارکردن بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی، بەڵام ئاخۆ کۆبوونەوەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی و کۆدەنگی نیشتمانی و لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، کاریگەریی لەسەر داهاتووی سەنگ و پێگەی کورد دەبێت لە عێراق.

یاخود وەک هەمیشە شینەکە بۆ هەریسەکەیە و جارێکی دیکەش لە دوای هەڵبژاردن هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد، دەکەونەوە ناو پەرتەوازەییە هەمیشەییکە و بۆ چوار ساڵی دیکە بە هەمان شێوازی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام دەبنەوە لە دژایەتیکردنی یەکتر و تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکە بە تێکدانی یەکڕیزی کورد لە عێراق.