ئێران هەنگاوی گرنگی بەرەو دروستکردنی چەکی ناوەکیی ناوە

جیهان

14/01/2021‌ 466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بەپشتبەستن بەڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکرد، ئێران هەنگاوی نوێی بەئاراستەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی ناوە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەڕاپۆرتێکی نهێنیدا وتویانە، ئێران دەستیکردوە بەکارکردن بۆ بەرهەمهێنانی مادەیەکی سەرەکی کە لەدروستکردنی کڵاوەی چەکی ناوەکیی بەکاردەهێنرێت.

بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش، ئێران چاودێرانی سەر بەئاژانسەکەی ئاگادارکردۆتەوە کە لەماوەی چوار بۆ پێنج مانگی داهاتودا دەستدەکەن بەپیتاندنی یۆرانیۆم لەپێگەی ناوەکی ئەسفەهان لەناوەڕاستی ئەو وڵاتە.

لەماوەی ڕابردوشدا دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەپێگەی ناوەکی فوردۆ بۆ ئاستی لەسەدا ٢٠ بەرزدەکەنەوە.

ئەو هەنگاوەش دوای بڕیارێکی پەرلەمانی ئێران دێت کە تێیدا حکومەتی ئێرانی پابەندکردبوو، ئەگەربێت‌و سزاکانی سەر ئێران هەڵنەگیرێن، ئەوە دەبێت لەماوەی دوو مانگی داهاتودا پابەندییەکانی بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی تایبەت بەڕێککەوتننامەی ناوەکی ڕابگرێت.

پێشتریش ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی دەستکەوتبوو کە باسی لەوه‌کردبوو، ئێران پلانی دامەزراندن‌و گەیاندنی زنجیرەیەک سانتریڤیوژی لەجۆری "ئای ئاڕ-٢ ئێم" لەپێگەی ناوکی ناتانزدا هەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی 

بەپەلە