پۆلیسی هه‌ولێر: کەسێکمان دەستگیرکرد بە جلوبەرگی سەربازییەوە پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە

کوردستان

16/01/2021‌ 394 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند هێزه‌كانیان توانیویانه‌ كه‌سێك ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ بە جلوبەرگی سەربازییەوە پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ پلە و پۆستێکی سەربازی هەبێت.

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "رۆژی پێنجشەممە هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکردبوو بەوەی کەسێک بە جلوبەرگی سەربازییەوە پارەی لێوەرگرتووە، دوای پشکنینی کامێراکانی چاودێری توانراوە دەستگیربکرێت و دەرکەوت ئەو تۆمەتبارە هیچ پلەیەکی سەربازی نییە".

باسی له‌وه‌شكرد: ئه‌و تۆمه‌تباره‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازی له‌ بازاڕ كڕیووه‌ و پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ پلە و پۆستێکی سەربازی هەبێت.

هۆگر عەزیز ده‌شڵێت:ئەو تۆمەتبارە لە عەنکاوە و شەمامک پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و بەپێی یاسای 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.