ئەسینا ئاستى داواکاریەکانى لە بەرامبەر ئەردۆغان بەرز دەکاتەوە

جیهان

17/01/2021‌ 1174 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەى سەرەوە، گۆڤارى "نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى ویستى یۆنان بۆ فراوانکردنى سنورى ئاوەکانى بەگوێرەى یاسا.

یۆنان سەرقاڵى لێکۆڵینەوەیە بۆ فراوانکردنى ئاوە هەرێمایەتیەکانى لە دەریاى ئەیۆنى، بە رێژەى ١٣ هەزار کلم چوارگۆشە (١٠% ى رووبەروى وڵاتەکەى). لەم مانگەشدا پەرلەمان لەو بارەیەوە بڕیار دەدات.

دەکرێ ئەم هەنگاوە؛ کە پشت بە رێککەوتننامەى نەتەوە یەکگرتوەکان دەبەستێ بۆ یاسا دەریاییەکان؛ ئاماژەیەک بێت بۆ دراوسێکەى (تورکیا) کە نەک تەنها دان بە رێککەوتنامەى نەتەوە یەکگرتوەکان نانێت، بەڵکو دەلێ پابوندبونى یۆنانیەکان بە مەرجەکانى رێککەوتننامەکە هۆکارێکە بۆ هەڵگیرساندنى جەنگ.

ئەوەى جێگاى گرینگى پێدانە ئەوەیە؛ هەریەکە لە یۆنان و تورکیا لە ٢٥ى یەنایەردا رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەى پەیوەندییەکانیان، بە ئامانجى رەخساندنى بنەمایەک بۆ دانوستان سەبارەت بە پرسەکانى سنور (دەریایى و ناوچەى ئابورى).

سەرۆکى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەم بارەیەوە؛ و لە دیدارێکیدا لەگەڵ بالیۆزەکانى یەکێتى ئەوروپادا گوتى : ئەم گفتوگۆیە " قۆناغێکى نوێیە" لە پەیوەندیەکانى نێوان هەردوو وڵاتدا.

لێدوانەکەى ئەردۆغان پاش ئەوە دێت کە ماوەى ساڵێکە گۆتارى بەرپرسە تورکەکان گۆڕانکارى بەسەردا هاتوە. بە شێوەیەکە؛ لە ئەنقەرە باس لەوە دەکرێت کە تورکیا بەشێکە لە کۆمەڵەى ئەوروپى. 

لەلایەکى ترەوە لە چاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "ئەنتینا" سەرۆک وەزیرانى یۆنان (کیریاکۆس میتسوتاکیس) ئاماژەى بۆ ئەوە کرد؛ پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا تەنها گفتوگۆى نا ڕەسمین و دانوستان نین.

لەم بارەیەوە، شارەزا لە ئەنجومەنى کاروبارى نێو دەوڵەتى روسى، تەیمور ئەحمەدوڤ ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: ئەنقەرە لەم چەند مانگەى دواییدا نیازى خۆى پیشاندا بۆ دووبارە ئاسایى کردنەوەى پەیوەندیەکانى لەگەڵ یاریچیە نێودەوڵەتیەکان تردا.

ئاماژەى بەوەشکردوە، سەرکردایەتى تورکیا بە روونى هەست بەوە دەکەن کە پێویستە ئەو کەنارگیرییە بشکێنن، و ئاماژەى پۆزەتیڤیان ناردوە بۆ هەر یەک لە یۆنان و فەرەنسا و ئیمارات و ئیسرائیل. هەروەتر، پێدەچێ یۆنان بەهەمان شێوە ئامادەى گفتوگۆ بێت لەگەڵ تورکیا، بەلام بە گوێرەى زەمینەى جیاواز و داواکارى نوێ. پێدەچێ بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستى بە پرۆژەیەکى یاسایى هەبێت سەبارەت بە فراوانکردنى ئاوەکانى لە دەریاى ئەیۆنى؛ کە بڕیارە لە ١٩ى یەنایەر دەنگى لەسەر بدرێت.
RT.Arabic
حلمى رەسول رەزا