نێچیرڤان بارزانى: ناکرێت خاکى عێراق و هەرێم وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت

کوردستان

19/01/2021‌ 672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکى هەرێمى کوردستان له‌گه‌ڵ وەزیرى بەرگریى تورکیا كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکاربهێنرێت.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خلووسى ئاکار، وەزیرى بەرگریى تورکیا و شاندێکى یاوەرى کرد، لە کۆبوونەوەکه‌دا جێگرانى سەرۆک، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوون، باس لە سەردان و دیدارەکانى بەڕێز وەزیرى بەرگریى تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە "پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە".

نێچیرڤان بارزانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یان: "ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت، عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات"، هەروەها شاندى توركیای دڵنیاکردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، ڕێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.