زیاتر له‌ 24 هه‌زار سه‌ربازو پۆلیس‌و هێزى ئه‌منى له‌واشنتۆن بڵاوه‌یان پێده‌كرێت

جیهان

20/01/2021‌ 1226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگری ئه‌مریكا بڕیاریداوە ٢٧٥٠ سەرباز لەواشنتۆنی پایتەخت بڵاوبکاتەوە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاهەنگی دەستبەکاربونی جۆ بایدنی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئه‌مریكاو پشتیوانیکردنی ئەرکی تیمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەمەنییەکان‌و مادە ناوەکی‌و کیمیاییەکان، هاوكات ژمارەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی کە لەواشنتۆنی پایتەخت بڵاوکراونەتەوە گەیشتۆتە زیاتر لە ٢١ هەزار و ٥٠٠ کەس.

ئاژانسی ئەسۆشه‌یتدپرێس ئاشکرایکردوە، دوو ئەندامی سەر بەپاسەوانی نیشتیمانی بەهۆی گومانی بونی پەیوەندی بەگروپە توندڕەوەکانەوە لەئەرکەکەیان بۆ پاراستنی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی بایدن دورخراونەتەوە.

لای خۆیشییەوە جیف ڕۆزین بریکاری وەزارەتی دادی ئه‌مریكا ڕایگەیاندوە، دەسەڵاتداران نەرمی بەرامبەر بەوانە نانوێنن کە دەیانەوێت ڕێوڕەسمی دەستبەکاربونی بایدن تێکبدەن، جا لەڕێگای توندوتیژییەوە بێت یان لەڕێگای ئەنجامدانی کاری تاوانکاری ترەوە.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ کریستۆڤەر میلەری وەزیری بەرگری ئه‌مریكا بەوەکالەت لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردۆتەوە، "ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانی کە لەواشنتۆن بڵاوەیانپێکراوە، لەڕۆژی دەستبەکاربونی بایدندا پشکنینی ئەمنی ورد ئەنجامدەدەن، وەزارەتەکەشمان هیچ زانیارییەکی هەواڵگری دەستنەکەوتوە ئاماژەبێت بۆ بونی هەڕەشەی ناوخۆیی لەسەر ئاهەنگەکە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕِۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكی ئاشکرایکردوە، ئاژانسی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان (FBI) لەو بڕوایەدایە کە شوێنکەوتوانی بزوتنەوەی (Q Anon)ی ڕاستڕەو دەستیان هەیە لەپلاندانان بۆ تێکدانی ئاهەنگی دەستبەکاربونی بایدن.

ئاماژە بەوەشکراوە، پلاندانەران باسیان لەوەکردوە، بۆ دزەکردنە ناو ئاهەنگی دەستبەکاربونى بایدن،  سود لەبەکارهێنانی دامەزراوە هەستیارەکان‌و ناوی ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانی وەربگرن، بۆئەوەش نەخشەی پێگە گرنگەکانی پایەتەختیان بەدەستهێناوە.

لای خۆیەوە ستیفن ساند فەرماندەی پێشوی پۆلیسی باڵەخانەی کۆنگرێس ڕایگەیاندوە، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، ئەوانەی هەڵیانکوتایە سەر بینای کاپیتۆڵ، بەباشی سازو ئامادەکرابون‌و بە بەدلەی گولەنەبڕو خوزەو تەقینەوە پڕچەککرابون.

لەبەرامبەردا، تێد لیۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی دیموکراتەکان وتویەتى:"هەموو ئەوەی لەسەر ترەمپ پێویستە بیکات بۆئەوەی چیتر توندوتیژی سیاسیی ڕونەدات ئەوەیە، بڵێت هەڵبژاردنەکان نەدزراون".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی