شیروان میرزا: كات دره‌نگه‌ بۆ سه‌ردانى شانده‌ سیاسییه‌كه‌ى هه‌رێم

کوردستان

20/01/2021‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارانى كورد له‌به‌غدا داواده‌كه‌ن شانده‌ ئه‌و شانده‌ سیاسییه‌ى هه‌رێم كه‌ بڕیاره‌ سه‌ردانى به‌غدا بكات، ده‌بێت هه‌رچى زوه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان ئه‌نجامبده‌ن، چونكه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو پشكى هه‌رێم له‌بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ده‌ڵێت:"کات درەنگەو دەبوو زوتر شاندەکە سەردانه‌كه‌ى بکردایە".

شیروان میرزا په‌رله‌مانتارى كوردو ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكرایكرد، "ئەو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی عێراق دەبێت 13.94٪بێت، بۆیه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو كاتێك گفتوگۆ له‌سه‌ر پشكى هه‌رێم ده‌كرێت ئێمه‌ داكۆكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین".

پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان بەڕێککەوتنی سیاسی بە17٪ دیاریکرابوو، دواتر لەکابینەکەی حه‌یده‌ر عەبادی-دا كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ 12.68٪، ئێستاش وه‌كو شیروان ده‌ڵێت:"بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوانه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، ده‌بێت پشکی هەرێم زیادبكرێت".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ كه‌ له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندوه‌، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر پێویستبوو هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێکی سیاسی هەرێم بێتە بەغداو قسە لەسەر ئه‌و پشکه‌ بکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا لەهەرێم تەبایی نییە لەسەر پێکهێنانی ئه‌و شانده‌ سیاسییه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ کات درەنگەو دەبوو زوتر شاندەکە سەردانه‌كه‌ى بکردایە".

پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ئه‌مساڵی عێراق قەبارەکەی زیاتر لە164 ترلیۆن دینارەو پێشبینیدەکرێت زیاتر لە71 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت، پێشنیازکراوە 47 ترلیۆن‌و 817 ملیار دیناری بەقەرزکردن پڕبکرێتەوە.