شارپرێس:
له‌پاركى تایبه‌ت به‌وه‌ستاندنى ئۆتۆمبێل له‌یه‌كێك له‌مۆڵه‌كانى سلێمانى، ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیه‌كى دانیشتوى شارى سلێمانى دزراو پۆلیسى سلێمانیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ڕونكردنه‌وه ده‌دات، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندیه‌كانى پۆلیسیش ده‌ڵێت:"سه‌ره‌داو هه‌یه بۆ ئاشكراكردنى ڕوداوه‌كه".
ڕائید سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندیه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "ئێواره‌ى دوینێ ئۆتۆمبێلێك له‌یه‌كێك له‌پاركى مۆڵه‌كانى سلێمانى دزراوه‌و ئێمه‌ش به‌دواداچون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانمان ده‌ستپێكردوه".
ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "هاوڵاتیه‌ك كه خه‌ڵكى شارى سلێمانیه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى به‌مه‌به‌ستى بازاڕیكردن هاتۆته ناوبازاڕو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى كه له‌جۆرى جێب لاردیۆیه بردویه‌تیه ئه‌و پاركه، دواتر كاتژمێر چوارى ئێواره هاتۆته‌وه سه‌یر ده‌كات ئۆتۆمبێله‌كه‌ى نه‌ماوه، پاشان تیمه‌كانى نه‌هێشتنى تاوان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌و هاتونه‌ته شوێنى ڕوداوه‌كه".
به‌وته‌ى ڕائید سه‌ركه‌وت، "تائێستا نازانرێت ئاخۆ ئه‌و ئۆتۆمبێله به‌وه‌سڵ براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ى پاركه‌كه یان به‌بێ وه‌سڵ، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و كارمه‌ندامه‌ى له‌و پاركى وه‌ستانى ئۆتۆمبێله له‌ئه‌ركدابون براونه‌ته نه‌هێشتنى تاوانه دیاره له‌سه‌ر بڕیارى دادوه‌رو پێده‌چێت سه‌ره‌داو هه‌بێت بۆ ئاشكراكردنى ڕوداوه‌كه".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ستكه‌وتون، ئه‌و پاركه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى لێ دزراوه، پاركى تایبه‌ت به‌وه‌ستانى ئۆتۆمبێله له‌كاسۆ مۆڵ كه ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ى شارى سلێمانیه‌وه.